دەستەڵاتی دادوەری بەریتانیا، پەنابەرێکی تەمەن 19 ساڵی بە “کوشتن” تاوانبار کردووە، ئەوەش لەبەرئەوەی چوار مانگ بەر لە ئێستا بەلەمێکی کۆچبەرانی لێخوڕیووە و بەهۆی نقومبوونیەوە چەندین کۆچبەر خنکاون.
پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند، تۆمەتی کوشتن دژ بە پەنابەرێکی تەمەن 19 ساڵ تۆمەتبار کراوە، دوای ئەوەی لە شەوی 13 بۆ 14 ی مانگی 12 ی ساڵی 2022، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزیدا نوقم بوو و بووە هۆی خنکانی چوار کۆچبەر.
پەنابەرەکە ناوی ئیبراهیم عەبدولمەهدی و دوێنێ پێنجشەممە برایە دادگای فۆلکستۆنی باشووری بەریتانیا.
لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، نزیکەی 50 کۆچبەر لە کەناراوەکانی باکووری فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام گەشتەکەیان بەو شێوەیە نەبوو کە پلانی بۆ دانرابوو، چونکە چوار کۆچبەر لەنێویاندا هەرزەکارێک گیانیان لەدەستدا و 39 کەسیش ڕزگارکران.
زۆرێک لە کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان، ڕەخنە لە سیاسەتی تاوانبارکردنی ئەو کۆچبەرانە دەگرن کە بەلەمی کۆچبەران لێدەخوڕن، چونکە یاسا هەرکەسێک “دەست لە بزوێنەری بەلەمەکە بدا، ئەوا بە تاوانبار دایدەنێت، بۆیە بەگوێرەی ئەوە دادگایی دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کارە بکات بەبێ ئەوەی ئاگاداری یاساکان بێت یان بەبێ ئەوەی پێشتر پلانی بۆ دانابێت.