کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوایەک ئاڕاستەی بەرپرسێکی واشنگتن دەکات

نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا بۆ پێشخستنی دۆزی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری شارەوانی شاری واشنگتن کۆبووەوە و چەند داوایەکی ئاڕاستە کرد.

رەحیم رەشیدی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لەگەڵ تۆماس بۆوەن کۆبووەوە و، باسی لە پێکهاتە و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆن کرد و، ئەوەی خستەڕوو، کە واشنگتن یەکێ لەو شوێنانەیە، کە بە چڕی ئامانجی کارو رێکخستنی کۆنفدراسیۆنە، ئەوەش بەو پێیەی رۆژ بە رۆژ کوردستانیان پتر رووی تێدەکەن، هەروەها بە هۆی سیستمێکی فیدراڵ و دیموکراسی وڵاتەکە و، پشتیوانی ئەمەریكا لە دۆزی کوردستان و پێشمەرگە، بایەخی تێکۆشانی کۆنفدراسیۆن لەو وڵاتە جێگای بایەخپێدانە.

رەحیم رەشیدی ناسراو بە مستەر کورد، هاوکات باسی لەوەشکرد کە مارتین لوتەر کینگ، بە رێپێوانی مەدەنی و وتارە بە ناوبانگەکەی ”خەونێکم هەیە”، رەگەزپەرەستی و هەڵاواردنی وەلانا و، بەمەش ئەمەریکا بەرەو دیموکراسی رۆیشت و، واشنگتن بووە شاری پێکەوەژیانی نەتەوە و، کلتور و ئایینە جیاوازەکان.

نوێنەری کۆنفدراسیۆن داوای لەو بەرپرسەی شارەداری واشنگتن کرد، کە یارمەتیدەریان بن تا شەقامێک بە ناوی ژینا ئەمینییەوە بکرێ، ئەوەش وەک پشتیوانی مەعنەوی لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، بەم جۆرە لایەنگری لە دادپەروەری و ئازادی بکەن.

جێی باسە، لای خۆیەوە نوێنەرەکەی شارەداری واشنگتن، وێڕای خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە، هاوکات بەڵێنیدا کۆی ئەو باس و زانیاریانە لەگەڵ شارەدار باس بکات، هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ شارەدار بۆ تاوتوێ کردنی پڕۆژە و پێشنیارەکان رێکدەخات.

ڕەنگە بە دڵت بن