وەزیری کاری حکومەتی سوید دەڵێ، سەردەمی خۆشگوزەرانی کۆتایی هات و، دەبێت دەستەواژەی “بێکاری و سۆسیال” کۆتایی پێبێت.
یۆهان ئەلبەرشۆن رایگەیاند، لەمڕۆ بەدواوە زۆر خۆش نابێت ئەگەر وەک بێکارێک لە سوید بژیت، نەرێنییەکانی سیستمی یارمەتی و سۆسیال وای لە بێکاران کردووە، کە چێژ لە ماڵەوە وەربگرن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بێکارن وەک ئێستا نابن و، هیچ یارمەتی و پاڵپشتی و پارەیەک بۆ ئەو کەسانە نییە، کە لە ماڵەوە دانیشتوون، هاوکات سیستمی سۆسیال و یارمەتی کەسانی بێکاریشی بە هەڵە و نەرێنی بۆ بێکاران ناوبرد، چونکە وای لە هەندێ کەس کردووە، کە ئامادە نەبن کار بکەن.
ئەلبێرشۆن هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سیاسەتی پێشووی حکومەتەکانی سوید راگەیاند و بە سەرکەوتوو نەبوو وێنای کرد، هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە سەدان هەزار کەسی بێکار لە سەرانسەری سوید هەن، وتیشی: “لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بە نائومێدی بەدوای کرێکاری نوێدا دەگەڕێن و، بێکاران لە ماڵەکانیان چێژ لە سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی بێکاری وەردەگرن”.