ماوەی زیاتر لە مانگێکە خێزانەکەی بەدوای کوڕەکەیاندا دەگەڕێن, کە لە ڕووباری ئیڤرۆس ونبووە، ئەو گەنجە پەنابەرە دوای ئەوەی لەلایەن سەربازە یۆنانییەکانەوە بە ئاسماندا تەقە دەکرێت، خۆی خستۆتە نێو ئاوی ئیڤرۆسەوە و، لەو کاتەوە هیچ شوێنێکی نەدۆزراوەتەوە.
ماڵپەڕی مهاجر بڵاویکردۆتەوە، کە لە ۳ی ئازاردا، عادل محەمەد سوڵتان، کۆچبەرێکی سوری تەمەن ۲۰ ساڵ، کە نزیکەی ساڵ و نیوێک لە تورکیا ژیاوە، دواتر لەگەڵ 15 خزم و هاوڕێی بە مەبەستی پەڕینەوەی لە ڕووباری ئیڤرۆس کە تورکیا لە یۆنان جیادەکاتەوە، ئەوەش بە هیوای ئەوەی بگاتە وڵاتێکی ئەوروپی.
قەرەنی، کە ئامۆزای عادلە و ئەو ڕۆژە لەگەڵیدا بووە، دەڵێ، ئێوارەی 3ی ئازار ئیستەنبوڵیان جێهێشت و نزیکەی چوار کاتژمێر دواتر گەیشتوونەتە سنوور، پاشان بوون بە سێ کۆمەڵە و چاوەڕێیان کردووە، لەگەڵ کاتژمێرە زووەکانی بەیانی، گرووپی یەکەم بە بەلەمێکی لاستیک ڕۆیشتن و بە سەلامەتی گەیشتن، لەبەرئەوە بەلەمی دووەم لەگەڵ عادل و حەوت گەنجی دیکە بەڕێکەوتن، کاتێک گەیشتن بە کەناری یۆنان و لە بەلەمەکە دابەزین و لێی دوور کەوتنەوە، سەرسام بوون بە دەرچوونی کۆماندۆ یۆنانییەکان لەنێو دارستانەکاندا.
دەشڵێ، عادل دەستی بە هاوار کرد بۆ ئەوەی بەلەمێکی دیکە ببرێت تا خۆی و هاوڕێکانی بگەڕێنێتەوە تورکیا، بۆیە ئەو و گەنجێکی دیکە سواری بەلەمێکی لاستیکی بوون و بەرەو کەناری یۆنان ڕۆیشتوون، بەڵام کاتێ نزیکەی 15 مەتر لە یۆنانییەکان نزیک بوونەتەوە، سەربازە یۆنانییەکان دەستیان کردووە بە تەقەکردن لە ئاسماندا، بۆیە عادل لە ترسا خۆی داخاتە نێو ئاوەکە و ئیدی دیار نامێنێت.