لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئێران نزیکەی ١٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی بەرامبەر هاووڵاتیانی کورد ئەنجامداوە

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٢، نزیکەی ١٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە، کە بەم شێوەی خوارەوە و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دراون.

کۆڵبەران ٤٧ حاڵەت

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٤٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی، کە ٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەستداوە.

لە کۆی ئەو ٤٠ کۆڵبەرە کە بریندار بوون، ٣٠ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٤ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین و، ٦ کەسیان بەهۆی ڕووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی.

سێدارە و گیان لە دەستدان لە گرتووخانە ٧ حاڵەت

لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، نزیکەی سزای سێدارەی ٧ بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی کرماشان، سەوڵاوا ٢ حاڵەت، دێولان، بیجاڕ، تیکاب و شیروان و چەرداول جێبەجێ کراوە، کە ٢ کەسیان ژن بوون. ٦ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و کەسێکیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپێندراوە.

لەو ماوەیەدا گیان لە دەستدانی بەندکراوانی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران تۆمار نەکراوە.

کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین ٩ حاڵەت

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٦ هاووڵاتی لە سنووری شارەکانی بانە و مێهران، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوون.

هەروەها، دوو برای تەمەن ٩ و ١٢ ساڵ بە ناوەکانی مەتین ڕاشدی مەنش و، مەهدی ڕاشدی مەنش، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام بریندار کراوە.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا ٦٠ حاڵەت

نزیکەی ٥٣ هاووڵاتی کورد، کە ٣ کەسیان ژن و پێنج مێردمنداڵی تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بوون، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە، بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٧ چالاکوانی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، سەرجەم سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن