کاربەدەستانی بەریتانیا پێشبینی ئەوە دەکەن لەمساڵدا نزیکەی 56 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک، بپەڕنەوە بۆ کەناراوەکانی بەریتانیا، ئەمەش بەو مانایەیە دێت، کە پێویستە نزیکەی 140 هەزار پەنابەر نیشتەجێ بکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، حکومەتی بەریتانیا لە بەڵگەنامەیەکدا کە دوێنێ پێشکەشی دادگای باڵای بەریتانیای کردووە، ڕایگەیاندووە، تا مانگی سێ زیاتر لە 109 هەزار پەنابەری لەخۆ گرتووە، لەنێویاندا 48 هەزار کەس لە هۆتێلەکاندا بە تێچووی 6.2 ملیۆن پاوەند (7.7 ملیۆن دۆلار) لە ڕۆژێکدا.
لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە: “پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە پشتیوانی هەیە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بێت، پلانەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر بنەمای سیناریۆیەکن کە نزیکەی 56 هەزار کۆچبەر لەساڵی 2023دا بە بەلەمی بچووک دەگەنە وڵاتەکەیان، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە پشتیوانی وەردەگرن دەگاتە نێوان 120 هەزار بۆ 140 هەزار کەس.
سەرۆکوەزیرانی ئینگلتەرا ڕیشی سوناک ڕایگەیاند، ڕێگریکردن لە بەلەمەکانی کۆچبەران لە گەیشتن بە کەناراوەکانی وڵاتەکە، یەکێکە لە پێنج ئەولەویەتەکەی.
لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لەڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، کە زۆربەیان لە کەناراوەکانی فەڕەنساوە رۆشتوون.
ئەمە لە کاتێکدا دێت کە توڕەیی بەریتانیا لەسەر کۆچ، بووەتە کێشەیەکی گەورە لە سیاسەتی بەریتانیادا، مانگی ڕابردوو حکومەتی سۆناک یاسایەکی نوێی بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران راگەیاند، کە هەر کۆچبەرێک بە بەلەم بگاتە ئەو وڵاتە و داوای مافی پەنابەرێتی بکات، ئەوا راستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتی خۆی یا وڵاتی سێیەمی سەلامەت دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو بەریتانیا گەیشتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕواندا بۆ ناردنی دەیان هەزار کۆچبەر بۆ ئەوێ، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆچبەرێک رەوانە نەکراوە.