سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەمڕۆ سێشەممە گوتی، کە وڵاتەکەی جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکان کردۆتەوە و، ستایشی پێگەی دیمەشقیشی لەسەر بۆچوونیان لەبارەی ئۆکرانیاوە کرد.
لاڤرۆڤ، لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا، گوتی، کە ڕوسیا هەڵوێستی سوریا لەسەر ئۆکرانیا بەرز دەنرخێنێت، ئەوەشی وت، ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات فراوان بووە و لە پەیمانەکانی پاشگەز بۆتەوە.
وتیشی: “ئێمە بەدوای پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ڕوسیا و سوریاداین و، ئامادەین هاوکاری لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و وڵاتانی دیکەیی عەرەبی بکەین”.
لاڤرۆڤ جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا کردەوە و، داوای لە ئیسرائیلیش کرد، کە ڕێز لە سەروەری خاکی سوریا بگرن، وە بە توندی ئیدانەی هێرشە ئیسرائیلییەکانیشی بۆ سەر سوریا کرد، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە واشنتۆن پشتگیری جیاخوازانی سوریا دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، کە پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا ستراتیژییە، ڕونیکردەوە کە مۆسکۆ لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، پشتیوانی لە سوریا کردووە لە جەنگی دژی تیرۆردا و، پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕوسیا لە ئۆکراینا دەربڕی.
میقداد داوای ڕاگرتنی دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆی سوریای لە هەندێ وڵات کرد و، تیشکی خستە سەر واشنتۆن، کە بەشداری لە دزینی سامانی خەڵکی سوریا دەکات، وە دوپاتیشی کردەوە، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا جێگیر نابێت.
داواشیکرد، تورکیا بەتەواوی لە سوریا بکشێتەوە و، پشتیوانی خۆی بۆ گرووپە چەکدارەکان بوەستێنێت و، پاشەکشە بکات لەو ڕۆڵەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا گێڕاویەتی.