حکومەتی سوید بیر لە کەمکردنەوەی مانگانەی (سۆسیال)ی ئەو پەنابەرانە دەکاتەوە، کە مەترسین لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگا و ناتوانن دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا ناوخۆییەکانی سوید ڕایانگەیاند، ئەو پێشنیارەی ئاژانسی کۆچ دەریکردووە، دەڵێ، ئەو پەنابەرانەی کە مافی مانەوەیان هەیە و هەڕەشەی ئەمنین و ناتوانرێت دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان بکرێنەوە، ئەوا لە هەندێ مافی کۆمەڵگا بێبەش دەکرێن، وەک بڕینی (سۆسیال) یارمەتی کۆمەڵایەتی و لێسەندنەوەی مافی پەنابەرییەکەیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کۆچی سویدی، حکومەت پێداچوونەوە بەو بابەتە دەکات، هاوکات وەزیرەکەشی بە تەواوی هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی دەزگای کۆچ، بە پێویستیشی دەزانێت، کە هەموو یارمەتییەکان لەو جۆرە کۆچبەرانە ڕابگیرێت.
ئەوەش هاتووە، کە شەرمەزارییە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لەسەر تاوان سزا دەدرێن، بەڵام مافی بەخشندە وەربگرن بۆ خۆشگوزەرانی و سوودەکانی دیکە، بۆیە، بەگوێرەی خواستی دەزگای کۆچ، دەست دەکرێت بە کارکردن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست.
لەلایەکی دیکەوە، میکایل ڕێبن ڤیک، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای کۆچ، جەختی لەوەکردەوە، کە یاسا پەیوەندی بە کەسانی مەترسیدارەوە هەیە و گومانیان لێدەکرێت کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
جێی باسە، لە سوید، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی پەنابەری کاتییان هەیە، بەشێک لە سیستەمی خۆشگوزەرانی وەردەگرن، بۆ نموونە، مۆڵەتی کار، مافی یارمەتی نیشتەجێبوون، مۆڵەتی دایک و باوک، تەنانەت پاسپۆرتیش تا بتوانن بۆ وڵاتانی دیکە گەشت بکەن.