نوقمبوونی دوو بەلەمی کۆچبەر لە کەناراوەکانی دوورگەی لامپیدۆزیای ئیتالیا، بووە هۆی بێسەروشوێن بوونی 22 کۆچبەر، هاوکات تیمەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان زیاتر لە 100 کۆچبەریان لە دەریای ناوەڕاست ڕزگار کرد.
کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە تویتێکدا نووسیویەتی، جارێکی دیکە لە لامپیدوزا دوو بەلەم نوقم بوون و، 22 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون، هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەگەیەنین کە لە دەریادا خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە.
کاربەدەستێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ڕایگەیاند، 36 کەس لە ڕزگاربووانی یەکەم نوقمبوون بە پاسەوانانی کەناراوەکانی ئیتاڵیایان ڕاگەیاندووە، کە 19 کەس لەنێو بەلەمەکەیاندا گیانیان لەدەستداوە، وتیشی سێ کەسی دیکە لە ڕووداوەکەی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی La Repubblica، لەنێو ئەو کەسانەی کە یەکەم جار نوقم بوون شەش منداڵ هەن، کە لەنێو بەلەمێکی حەوت مەتریدا بوون لە ئاوی ئیتاڵیا نوقم بوو و، لەلایەن بەلەمێکی ماسی گرەوە ڕزگارکراون.