رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێ، پاسەوانانی سنووری تورکیا تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی سوری دەکەن و، هێزی زیاد لە پێویست بەکاردەهێنن دژی ئەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت بچنە ئەو وڵاتەوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، کە بنکەی سەرەکی لە نیویۆرکە، داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە، کە لێکۆڵینەوە لە پاسەوانانی سنووری بکات، کە تێوەگلاون لەو پێشێلکارییە جدییانەی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە کوشتنی پەنابەرانی سوری، هەروەها کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت.
هیو ویلیامسۆن بەڕێوەبەری ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێ، هێزەکانی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی بەرپرس لە کۆنترۆڵکردنی سنوور، بەدرێژایی سنووری سوریا و تورکیا تەقە لە هاوڵاتیانی سوری دەکەن، بەوهۆیەشەوە لەم ساڵانەی دواییدا سەدان کوژراو و برینداریان لێکەوتۆتەوە.
لە ۱۱ی ئازاردا، پاسەوانانی سنووری تورکیا، بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی هەشت هاوڵاتی سورییان داوە، کە هەوڵیانداوە بچنە ناو تورکیاوە، هاوکات باوک و کوڕێک لە زیندانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، شەش پاسەوان لەلایەن دەستەڵاتدارانی تورکیاوە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان هەبووە لەو کارەدا.
چاودێران بەلایەنی کەمەوە 234 کوژراو و 231 برینداریان تۆمارکردووە، کە زۆربەیان هەوڵیان داوە لە سوریاوە بۆ تورکیا بپەڕنەوە، هاوکات 26 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە.
جێی ئاماژەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕێکخراوی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ 12 کوژراو و 20 بریندار بە دەستی پاسەوانانی سنووری تورکیای تۆمارکردووە، لە کاتێکدا هەوڵیان داوە لە سوریاوە بپەڕنەوە بۆ تورکیا.