دادگای شاری ئیهینغنی ویلایەتی بادن-ڤورتمبێرغی باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، سزای نۆ مانگ زیندانیکردنی بەسەر پەنابەرێک دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بە چەند تۆمەتێک تاوانبار کرا، کە قورسترینیان بریندارکردنی جەستەی ژنەکەی بوو.
بەگوێرەی لیستی داواکاری گشتی، پەنابەرەکە لەگەڵ هاوسەرە تەمەن 37 ساڵەکەی و هەشت منداڵەکەیان لە شارۆچکەی موندەرکینغن دەژین، ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان، ئەوەش کاتێ مێردەکە بڕیاریداوە بگەڕێتەوە سوریا، بەڵام ژنەکە بە تەواوی ڕەتی کردۆتەوە.
دوای ئەوەی ژنەکە بڕیارەکەی مێردەکەی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگەڕێتەوە سوریا، دەستی بە هەڕەشەکردن و لێیدانی کردووە.
لە دادگا، پیاوەکە دەڵێت: “من لە منداڵەکانم دەترسم ئەگەر بەجێیان بهێڵم بۆ ئەوەی گەورەیان بکەم، لە کەلتوری ئێمەدا، باوک بەرپرسیارە لە منداڵەکانی، هەموو ژیانم بۆ ئەوان کارم کردووە”.
ژنەکە لە شایەتیدا بۆ دادگا وتی، لە ساڵی 2022ەوە مێردەکەی دەستی بە لێدانی کردووە و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێکردووە، ئەگەر بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوەیان بۆ سوریا.
بەگوێرەی وتەی ژنەکە، جارێکیان بە ئوتۆمبێل دوای کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێنەبووە و بە ئوتۆمبێلەکە لێیداوە و برینداری کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ژنێکی پۆلیس لە شایەتییەکەیدا پشتڕاستی کردەوە، کە تۆمەتبارەکە جارێکی دیکە دەرگای شوقەکەی شکاندووە، ئەوەش لەبەرئەوەی منداڵەکانی لە ترسا ڕەتیان کردەوە دەرگاکەی بۆ بکەنەوە.
دوای گوێگرتن لە شایەتحاڵەکان و پێداچوونەوە بە کەیسەکە، دادوەر بڕیاریدا سزاکە لە زیندانەوە بگۆڕێت بۆ زیندانی هەڵواسراو، چونکە تۆمەتبار تۆماری تاوانی نییە.
جگە لەوەی کە بووە هۆی برینداربوونی ژنەکەی، تۆمەتبارەکە بە تۆمەتی شۆفێریکردن بەبێ مۆڵەت و بریندارکردنی ژنەکەی تاوانبارکرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادوەری دادگا، تۆمەتبارەکە نەیتوانیوە فێری زمانی ئەڵمانی ببێت و بێکار ماوەتەوە، بۆیە چارەسەری گەڕانەوەی بۆ سوریا دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا ژنەکەی بۆی دەرکەوتووە کە ژیان لە ئەڵمانیا بۆ خۆی و منداڵەکانی باشترە.