دوای ئەوەی ئیسپانیا لە ساڵی 2008 تووشی قەیرانی دارایی بوو، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەبوو، حکومەتی وڵاتەکە یاسایەکی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەرکرد، ئەوەش بە پێشکەشکردنی پێشنیار بۆ ئەو بیانیانەی کە پارەیان هەیە و دەیانەوێت لە ئیسپانیا بژین.
یاساکە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی یاسایی لەژێر ناوی “ڤیزەی زێڕین” و تەنانەت هاوڵاتیبوونی ئیسپانی دابین دەکات، بەم شێوەیە هەموو ئەو سوودانەی هەیە، کە هەر هاوڵاتییەکی وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا وەریدەگرێت، ئەوەیش سوودمەند دەبێت.
یاساکە هاندەرێکیش دەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران لە ئیسپانیا، چونکە لەو کاتەوە بیانییەکان، کە دەیانەوێت ببنە خاوەنی بەڵگەنامەی ئیسپانی، دەتوانن کارتی نیشتەجێبوونی یاسایی و دواتر هاوڵاتیبوون بەدەست بهێنن، ئەوەش بە کڕینی خانووبەرە.
ئەو یاسایەی کە سەر بە حکومەتی پێشووی ماریانۆ ڕاجۆیە، جەختی لە پشتیوانی بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران کردەوە و، لە ئەیلوولی 2013 ەوە جێبەجێ دەکرێت.
یاسای ئیسپانیا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو بیانیانەی دەیانەوێت لە وڵاتەکەی نیشتەجێ بن، ئەوا دەتوانن ڤیزەی زێڕین وەربگرن، کە ڤیزەی وەبەرهێنەری بیانییە، کە پێویستە پڕۆژەیەک لە ئیسپانیا بە بەهای 500 هەزار یۆرۆ دروست بکات، یا شوقەیەک بکڕێت.
ئەم ڤیزەیە ڕێگە بە خاوەنەکە دەدا لە خاکی ئیسپانیا نیشتەجێ بێت، ئەوەش بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت لە ماوەی یەکەمدا و، دەتوانرێت بۆ دوو ساڵی دیکە دووبارە بکرێتەوە، ئەگەر وەبەرهێنەرەکە بیەوێت ماوەی نیشتەجێبوونەکەی درێژ بکاتەوە، سێیەم جار دەتوانرێت بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە.
دوای تەنیا پێنج ساڵ لە نیشتەجێبوون، وەبەرهێنەرەکە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی وەردەگرێت، دوای پێنج ساڵی دیکە، دەتوانێت ڕەگەزنامەی ئیسپانی وەربگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەبەرهێنەر دەبێت مەرجەکانی نیشتەجێبوون جێبەجێ بکات لە کاتی داواکردنی ڤیزەی ئاماژە پێکراوە، لەوانە:
یەکەم: تەمەن نابێت لە 18 ساڵ کەمتر بێت.
دووەم: هەبوونی پاسپۆرت
سێیەم: نەبوونی تۆماری تاوان لە ئیسپانیا، یا وڵاتی نیشتەجێبوونی خۆی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.
چوارەم: سەلماندنی خاوەندارێتی موڵکەکە بە پێشکەشکردنی بڕوانامەی خاوەندارێتی، یا بەڵێننامەیەک بۆ کڕینی.
پێنجەم: پارەدانی ڤیزا.
شەشەم: نابێت بە شێوەیەکی نایاسایی لە خاکی ئیسپانیا ئامادەبێت، پێش ئەوەی داوای ڤیزا بکات.
حەوتەم: چێژ وەرگرتن لە بیمەی تەندروستی گشتی، یا تایبەت لە کۆمپانیایەکی بیمە، کە ڕێگەی پێدراوە لە ئیسپانیا کار بکات.
وەرگرتنی ڤیزای زێڕین
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لەم ڤیزایە وەربگرن، دەبێت پابەندی ئەم کۆنترۆڵانەی خوارەوە بن:
1- پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزەی زێڕین، کە لە ۹۰ ڕۆژ زیاتر نەبێت پێش رێکەوتی گەشتەکە.
2- پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزا بە شێوەی کەسی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار، یا لە ڕێگەی بریکارێکی باوەڕپێکراوی یاساییەوە.
3-دوای وەرگرتنی ڤیزەی زێڕین، خاوەنەکە ڕێگەی پێدراوە لە هەموو ناوچەکانی ئیسپانیا نیشتەجێ بێت و کار بکات.
4-ماوەی یاسایی ڤیزەکە یەک ساڵە، ئەگەر کڕینەکە بە فەرمی بە گرێبەست ئەنجام درابێت، ئەگەر کڕینەکە بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجام نەدرابوو لەگەڵ گرێبەستێکی پێشوو کە مسۆگەری پابەندبوون دەکات بە دانانی پارە، یا ئامرازە فەرمییەکانی دیکە، ئەوا ماوەی ڤیزەکە 6 مانگە.