دوو ناوەند بە مەبەستی دابینکردنی یارمەتی کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی بۆ کۆچبەران لە رۆمای ئیتالیا کرایەوە.
یانیک جولیۆ، بەرپرسی پڕۆژەی هیوا، دەڵێت: “ڕۆما یەکێکە لە شارە سەرەکییەکان، کە کۆچبەران تێیدا دەژین، یا تێدەپەڕن، زۆر کەس لە دۆخی نالەباردا دەژین، هەوڵدەدەن پشتگیرییان بکەن، بە یارمەتیدانی خەڵک بۆ وەرگرتنی کارتی بیمەی تەندروستی، یا چاوپێکەوتنی پزیشک لە کاتی پێویستدا”.
ناوەندەکان، لەلایەن رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) ەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکانی Baobab Experience و تاقیگەی کۆمەڵایەتی فێلێتا کراونەتەوە، کە تێیدا کۆمەڵێ خۆبەخشی ئێم ئێس ئێف لە ڕۆما بەڕێوەی دەبەن، لەوانە خوێندکارانی گەنج، ستافی پێگەیشتوو و خانەنشینکراویان تێدان.
ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە، کە هەموو خۆبەخشەکان ڕاهێنانی تایبەتیان وەرگرتووە بۆ پشتگیریکردنی ئەو پەنابەرانەی داوای یارمەتی دەکەن.
ناوەندەکان دەکەونە ناوچەکانی گارباتێلا و سان لۆرێنزۆی ڕۆما، سەنتەرەکان خزمەتگوزاری بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن و، ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە، کە خۆیان بۆ مانەوە لەو وڵاتە تۆمار کردووە.