دەستەڵاتدارانی تونس، سێ تەرمی کۆچبەرانیان لە کەناراوەکانی بێن گوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دۆزییەوە 

دەستەڵاتدارانی تونس، سێ تەرمی کۆچبەرانیان لە کەناراوەکانی بێن گوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دۆزییەوە، ئەوەش بەهۆی پەڕینەوەکانی دەریای ناوەڕاست بەرەو کیشوەری ئەوروپا، کە لەم کاتەدا لە زیادبووندایە، بەوپێیەی بارودۆخی کەش و هەوا باشتر دەبێت.

یەکەکانی پاراستنی مەدەنی تونس، لاشەی سێ کۆچبەریان دۆزیەوە کە لە نزیک سنووری ڕەس جێدری نزیک لیبیا لە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی بێن گوردانەوە دەرکەوتبوون، سەرچاوەیەک لەپاراستنی مەدەنی لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی تونسی ئەفریقا ڕایگەیاند، کە تەرمەکان هی خەڵکی بیابانی ئەفریقان، دەستەڵاتداران دڵنیاییان کردەوە کە لاشەی قوربانییەکان، لە گۆڕستانێکی نزیک بەندەری ئەلکەتف نێژراون، کە گۆڕستانێکە زۆربەی خەڵکی خنکاویان تێدایە.

کۆچبەران لە دەریای سپی ناوەڕاستدا بە بەلەمە ترسناک و قەرەباڵغەکان لە گەشتێکی مەترسیداردا لە باکووری ئەفریقاوە بۆ کەنارەکانی ئەوروپا، بە تایبەتی ئیتالیا و ماڵتا دەڕۆن. بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەلایەنی کەمەوە 1200 کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەم هاوینە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تونس جێدەهێڵن، رێژەیەکی بەرزیان تۆمارکردووە، بەتایبەتی کە بارودۆخی ئابووری بەرەو خراپی دەڕوات و، دیناری تونس نزم دەبێتەوە و، نرخی کاڵا بەرزدەبێتەوە، بۆیە ژمارەی ئەو تونسیانەی هەوڵ دەدەن ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوون دەکات.

کۆچی 12 هەزار گەنجی تونسی لە باشوور

توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی کۆمەڵەی ناوخۆیی لە پارێزگای تاتەوینی باشووری تونس ئاشکرای کرد، کە خەڵکی تونسی زیاتر لە ڕێگەی دەریاوە وڵات جێدەهێڵن، ئەوەش بە هیوای دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر و داهاتوویان لە ئەوروپا.

توێژەر نەجیب بووتالیب، کە ڕۆژی شەممە لە سیمینارێکدا بۆ کۆمەڵەی خۆشەویستانی کتێبخانە توێژینەوەکەی پێشکەش کرد، گوتی زیاتر لە 12 هەزار لاوی تونسی لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا باشووری تونسیان جێهێشتووە.

هۆشداریشیدا لەوەی، کە ئەمە دەکرێت کاردانەوەی جدی هەبێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕۆیشتنی گەنجان، بۆشاییەکی لە هەرێمدا جێهێشتووە و، کەمییەکی زۆری کار لە کەرتی خزمەتگوزاری وەک کافێ و چێشتخانە و کشتوکاڵدا هەیە، ئەو بە ئەلعەرەبی ئەلحەدیدی وت: “کۆچی گەنجان لە پارێزگای تەتاوین بووەتە دیاردەیەکی زۆر لە پرۆسەی فراوانکردنی پارێزگاکانی دیکەی باشووری تونس و، بەتایبەتی مێدینین.

ڕەنگە بە دڵت بن