بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، جرجەکان لە وڵاتەکەدا مەترسیدارتر بوون، بەوپێیەی کە ژمارەیان لە 300 ملیۆن جرج تێپەڕیوە، مەترسییەکەش تەنیا لە ژمارەدا نییە، بەڵکو لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەو مشکانەدایە.
سەرچاوەکان دەڵێن، سەدان ملیۆن جرج لە بەریتانیا بڵاو بوونەتەوە، دوای ئەوەی “گەورەتر و قەڵەوتر و بەهێزتر” بوون، چونکە لە بەرماوەی ڕێستۆرانتەکاندا دەخۆن.
گەورەترین جرج کە لە بەریتانیا تۆمارکراوە، درێژەکەی 21 ئینج دەبێت، بە قەبارەی سەگێکی بچووک، چونکە لەو چێشتخانەیەی ماوەتەوە، خۆراکی باشی خواردووە.
پسپۆڕان ترسیان لەوە هەیە، کە مشک و جرجەکان، نەخۆشی زیانبەخش بۆ مرۆڤ دەگوازنەوە.
بەگوێرەی پسپۆڕانی زیندەوەران، ئەو جرجانەی هەموو شتێک دەخۆن، زیاتر بەرگریان دژە ژەهر پەیدا دەکەن و، زیاتر شارەزا بوون لە دۆزینەوەی شوێنی باشتر، هاوکات باشتر خۆیان دەشارنەوە و، زۆر دەبن و قەڵەوتر و بەهێزتر دەبن.