بەریتانیا مەترسی دیکە بۆ پەنابەران دروست دەکات

لە ڕاپۆرتێکدا، کە لەلایەن سێ ڕێکخراوی ناحکومییەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، لە ساڵی 2022دا، سەدان پەنابەری تەمەن خوار 18 ساڵی وەک پێگەیشتوو پۆڵێن کردووە.

سێ ڕێکخراوی ناحکومی، هێلین بامبێر، Asylum Aid و هیومان ڕایتس وۆچ، ڕایانگەیاند، کە دوو لەسەر سێی ئەو 867 منداڵەی گەیشتوونەتە بەریتانیا لە کۆی 1386 منداڵ، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆوە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوە بۆ هەژمار کراوە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی “The Guardian”ی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە هەندێ لە منداڵانی خوار تەمەن 14 ساڵ، ناچارکراون لە ژووری هاوبەشدا لەگەڵ گەورەکاندا بمێننەوە، هەروەها هەندێ لەو منداڵانەی کە وەزارەتی نێوخۆ بە هەڵە بە گەورە پۆڵێنیان کردوون، هەرگیز ڕەوانەی کارمەندی کۆمەڵایەتی نەکراون تا هەڵسەنگاندنی تەمەنیان بکرێت.

هەڵە پۆڵێنکردنی منداڵان وەک گەورەکان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕێوشوێنەکانی مامەڵەکردنیان، لەبەرئەوە دەتوانرێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی چاودێری نەکراو لەگەڵ گەورەکاندا دایانبنێن، کە نایانناسن. هەروەها دەتوانرێت بە هەڵە لە ناوەندەکانی زیندانیکردنی کۆچبەرانی پێگەیشتووشدا دەستگیر بکرێن.

بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ، ئەو منداڵانە لە هۆتێلە داخراوەکاندا لەگەڵ پەنابەرە گەورەکاندا دەژین، کە پەیوەندییان بەیەکەوە نییە و زۆرجار بەهۆی خەم و ترسەوە دەناڵێنن.

ڕاپۆرتەکە باس لە عەبدوڵای تەمەن 14 ساڵ دەکات، کە گەیشتۆتە بەریتانیا، دەستەڵاتداران داوایان لێکردووە تەمەنی لەسەر پارچە کاغەزێک بنووسێت، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کە تەمەنی بە 23 ساڵ بۆ نووسراوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی، کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا-دەریای ناوەڕاست لە کانونی یەکەمی 2022 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، رێکەوتی لەدایکبوونی ئەو کۆچبەرانە دەگۆڕێت، کە داوای پەنابەری دەکەن، ئەوەش بەبێ سەرپەرشت، بۆ ئەوەی تەمەنیان لەسەر بگەیەنێتە سەروو 18 ساڵ بێت، مەبەست لێی لابردنی ئەو ماف و یاسایانەیە بۆ منداڵان و مێرمنداڵان دابینکراون.

ڕەنگە بە دڵت بن