ئاژانسەکانی هەواڵی ئەمەریکا، بڵاویانکردەوە کە دوێنێ سێ شەممە، بەفەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، بنکە و ژێرخانی سەربازی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە سوریا بۆردومان کردووە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، وەک کاردانەوەیەک لە هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی سوپای ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی هەشت بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەند بنکەیەکی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئەنجامدراوە.
تۆڕی هەواڵی فرانس 24، لەزاری وتەبێژی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، (سێنتکۆم) کۆڵنێل بوچینۆ بڵاویکردەوە، کە هێرشەکان لە پارێزگای دیرزور، شوێنی ژێرخانێکی ئامانجدار، کە لەلایەن گرووپەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێرانەوە بەکار دەهێنرا، کراوەتە ئامانج.
بوچینۆ، ڕوونیکردەوە، کە هێرشە ئاسمانییەکان ئەو شوێنانەیان کردۆتە ئامانج، کە بنکەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لێیە و، هاوشێوەی ئەو هێرشانەی کە لە ڕۆژی 15ی ئاب لەلایەن گرووپە بەکرێگیراوەکانی ئێرانەوە ئەنجامیاندا، وتیشی: “ئەو هێرشانە لە شوێنی ئەو هێزانە بۆردمانکراون، کە پشتگیری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەکەن”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێنمایی و فەرمانی بە هێرشکردنەکە داوە.
هەروەها راگەیەندراوەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، باس لەوە کراوە، واشنتن لەگەڵ پشێویدا نییە، بەڵام هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە هەوپەیمانەکانی دەگرێتەبەر، ئامانجی هێزەکانی ئەمەریکاش لە سوریا، لە پێناو تێکشکاندنی داعش و ئەو هێزانەیە، کە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا کاردەکەن.
سۆران حەسەن