پۆلیسی فەڕەنسا توانی قاچاخچییان لە شاری “ڕوان”ی باکوری وڵاتەکە دەستگیر کرد، دوای ئەوەی 10 کۆچبەریان وەک بارمتە گرتبوو و پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا کردبوو تا لە بەرانبەر ئازادکردنیان بڕێکی زۆر پارە بدەن.
بەگوێرەی پۆلیس، یەکێ لە دەستگیرکراوەکان توانیویەتی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی لەگەڵ خزمێکی نزیکی لە پاریس بکات و، ئەویش پۆلیسی لێ ئاگادارکردوونەتەوە و شوێنی دەستگیرکردنەکەشیانی بۆ ئاشکرا کردوون، بۆیە پۆلیس توانی بگاتە شوێنی ڕووداوەکە و کۆچبەرەکان ئازاد بکات و، قاچاخچییەکانیش دەستگیر بکات.
بەگوێرەی یەکەم بەشی لێکۆڵینەوەکە، کۆچبەرەکان خەڵکی پاکستان و هیندستانن، ئامانجیان ئەوە بووە بە فەرەنسا و ئیتالیادا بڕۆن بۆ پورتوگال، بەڵام لەو شارەی باکووری فەڕەنسا، لەلایەن چوار قاچاخچی هەمان نەتەوەوە ڕفێندراون و داوایان لە خێزانەکانیان کردووە، لە بەرانبەر ئازادکردنیان، بڕێکی زۆر پارە بدەن.
پۆلیس دەشڵێت، هەندێک لە کۆچبەرەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی و فشار بوونەتەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و قەناعەتیان پێ بهێنن کە پارە بگوازنەوە، یان ڕاستەوخۆ پارە بدەن بە ئازاد کردنیان.