دوای نزیکەی سێ هەفتە لە ونبوونی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆلیسی ئیتالیا لە شاری پراتۆی، تەرمی پەنابەرێکی دۆزییەوە، کە شوێنی سووتاوی پێوە بووە.
میدیاکانی ئیتالیا دەڵێن، پەنابەرەکە مەغریبییە و ناوی سەعیدە و تەمەنی 38 ساڵە، لە رێکەوتی 21 نیسانەوە دیار نەماوە، بەڵام گومان لە هاوڕێیەکی بەناوی “هادی ” تەمەن 50 ساڵ کراوە، بۆیە مۆبایلەکەی لەژێر چاودێریدا بووە.
ڕۆژنامەی ” La Nazion”ی ئیتالی ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی تەرمەکەی لە بینایەکی چۆڵدا فڕێداوە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ بیناکە، ئەوەش بە مەبەستی سوتاندنی، تا هیچ بەڵگەیەکی تاوانەکەی نەمێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
جێی باسە، جگە لە تۆمەتبارەکە بە ناوی “هادی”، گومانلێکراوی دووەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە لێکۆڵەرەوان گومانیان هەیە سەبارەت بە تێوەگلانی لە کوشتنەکەدا، هاوکات تا ئێستا هۆکاری پشتەوەی تاوانەکە ئاشکرا نەکراوە.