دوای ئەوەی کۆچبەرێک ڕەتیکردەوە سواری بەلەمێکی لاستیکی قەرەباڵغ بێت، کە لە کەناراوەکانی باکووری فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێ دەکەوت، قاچاخچییەکە بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەری و لێیداوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی La Foix du Nord، قاچاخچییەکی بە ڕەچەڵەک یەمەنی تەمەن 26 ساڵ، لە دادگای بولۆن-سور-مێری باکووری فەڕەنسا بە تۆمەتی توندوتیژی دژی کۆچبەرێک تاوانبارکرا و، بە نۆ مانگ زیندانی سزادرا.
وردەکارییەکانی کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ 26 ی مانگی چوار، کاتێ نزیکەی 70 کۆچبەر لە کەناری بولۆن-سور-مێر چاوەڕێیان کردووە، تا بە بەلەمێکی لاستیکی بگەنە بەریتانیا، بەڵام کاتێک بەلەمەکە گەیشتووە، نزیکەی 20 کۆچبەر لەناو بەلەمەکەدا بوون، هەندێک لە کۆچبەران نیگەران بوون، هەتا ئەوکاتەی یەکێکیان ڕەتیکردەوە سواری بەلەمە ناجێگیرەکە ببێت، بۆیە قاچاخچییەکە بە چەقۆ لە کۆچبەرەکەی داوە.