کۆمەڵێک لە کوردستانیان و بەلوچستانیانی دانیشتووی شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا، لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری بەلوچستان بەرنامەیەکی هاوبەشیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ی کوردی، لە ناوەندی شاری ڤانكۆڤەری وڵاتی کەنەدا، کۆمەڵێک لە کوردستانیان و بەلوچستانیانی دانیشتووی ئەو شارە، بە دروشمی “نا بۆ سێدارە و سوپای پاسدارانی تیرۆریست”، هاتنە سەر شەقام و بەرنامەیەکی هاوبەشیان بەڕێوە برد.
بەرنامەکە بە چەندین پارچە میوزیکی كوردی و بەلوچی دەستی پێکرد و، پاشان پەیامێک لەلایەن خودابخش ڕەئیسی، چالاكوانی بەلوچ، لەمەڕ تاوانەکانی ڕژێمی ئێران لە کوردستان و بەلوچەستان لە سێدارەدراوانی ئەم دواییانە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، ژینۆ کەریمی، چالاکوانی سیاسیی کورد، بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی پێشکەش کرد و، تێیدا باسی لە سێدارەدانی چالاکوانانی كوردستان و بەلوچستان کرد، كە وەک دوو نەتەوەی ژێردەست، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە هەموو بوارەكاندا زوڵمیان لێ دەكرێت.
شایانی باسە، نەتەوەی بەلوچ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتوون و وڵاتەکەیان پێی دەگوترێت بەلوچستان، هاوشێوەی کوردستان لەنێوان وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان و پاکستان دابەش کراوە.
بەهۆی ئەوەی کە لە پاکستان تا ڕادەیەک دیموکراسی جێگیرە و ئەو وڵاتە بە شێوەی فیدراڵی بەڕێوە دەچێت، بەلوچستانی داگیرکراو لەلایەن پاکستانەوە هاوشێوەی باشووری کوردستان، ویلایەتێکی تایبەت بە خۆیان هەیە.
کاروان مێراوی