ناوەندی لێکۆڵینەوە پەیوەستبوونی ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی ڕادەگەیەنێت

ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌وه‌ندی كوردستانی به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كه‌سایه‌تیی زانستی و ئه‌كادیمی كوردی دانیشتووی وڵاتی ئه‌ڵمان راده‌گه‌یه‌نێت

له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ په‌ره‌پێدانی كار و بازنه‌ی چالاكییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تواناكان له‌ بواری توێژینه‌وه‌، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌وه‌ند و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی بواری كاری زانستی و زانكۆ له‌ ئه‌ڵمانیا توانیان له‌سه‌ر هاتنه‌ ژێر چه‌تری ره‌وه‌ند و كاری هاوبه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ناوه‌نددا رێككه‌وتن کە ژماره‌یان حه‌وت كه‌سایه‌تییه‌ و خۆیان لە پلەکانی دکتۆرا و ماستەری بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبینێتەوە.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ په‌یوه‌ستبوونی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ کەسایەتییەی دیاری بوارى ئه‌كادیمی له‌سەر ئاستی كوردستانی و ده‌ره‌وه‌ به پسپۆڕیی جۆراوجۆر وزه و هانده‌رێكی باش بێ تا ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ وردتر و زیاتر كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی بكات به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌زموون و هیوای ئه‌ندامانی تازه‌ی ناوه‌نده‌كه‌ له‌ ئاست و ئاراسته‌ی هێڵی گشتی و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ره‌وه‌ندی كوردستانی و خودی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی بۆ دەوڵەمەندکردنی پەرتوکخانەی زانستی بەکاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە یەکێک لە ئامانجەکانی هەنووکەیی دەبی. هاوکات ئەو سەکۆ زانستییە بەنیازە وەک پردێک لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و دنیای دەرەوەدا کار بکا و هاوکاریی قوتابییانی خوێندنی باڵای وەک ماستەر و دکتۆرای کورد بدا.
هەر لێرەوە بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی سەرەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رەوەندی کوردستانی داوا لە سەرجەم کوردانی دیاسپۆرا و ناو کوردستان دەکا پەیوەندی بەو ناوەندە زانستییەوە بکەن تا قۆناخی داهاتوومان بە دامەزراندنی ئینستیتیوتێکی زانستی بەرەو لووتکە ببەین.
شایانی باسه‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به‌ ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ مانگی ئاب/ئۆگست 2022 هاته‌ دامه‌زراندن. ئه‌ركی ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ قۆناخی یه‌كه‌مدا كۆكردنه‌وه‌ی هێزی ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ بواری زانستی و ئه‌كادیمییه‌ تا بتوانێ به‌ روانینێكی زانستی، به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و پرس و مژارانه‌ بكات كه‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كورد و پرسه‌كانی هه‌یه‌.

ڕەنگە بە دڵت بن