پەنابەرێک کە چەندین ساڵ بووە چێشتخانەی لە مالمۆی سوید هەبووە، دوای تەمەنێکی زۆر بڕیاری خۆ خانەنشینکردنی دا.
یەشار عەلووشی زیاتر لە 34 ساڵ بووە کە چێشتخانەیەکی بچووکی لە Södra Förstadsgatanی مالمۆ هەبووە، هاوکات پێش ئەوەش چێشتخانەیەکی دیکەی لە هەمان شار هەبووە، کە بە هەردووکییەوە ماوەی پەنجا ساڵ کاری کردووە و، لەو ماوەیەدا خواردنی یۆنانی پێشکەش کردووە، هەروەها بووە بە یەکێ لە ڕوخسارە خۆشەویستەکانی شارەکە.
لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سید سڤێنسکان، عەلووشی پشتڕاستی کردەوە، کە چێشتخانە بچووکەکەی فرۆشتووە و بڕیاری داوە خانەنشین بێت و پشوو بدات.
ئەو گوتی لە کۆتاییدا هەستی بەوە کردووە کە وەک کۆیلەیەک لە زینداندایە، هاوکات ئازاری پشتیشی هەبووە، بۆیە بڕیاریداوە چێشتخانەکەی بفرۆشێت.
هاوڕێکانی بە داخستنی چێشتخانەکەی دڵتەنگ بوون و هیوای خانەنشینیەکی خۆشیان بۆ خواست.
جێی باسە، یەشار علووشی ئێستا تەمەنی 92 ساڵە و یەکێکە لەو کەسە دەگمەنانەی کە تا ئەو تەمەنە کار بکەن و، ئینجا خۆیان خانەنشین بکەن.