کوردستانیانی دانیشتووی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا

کوردستانیانی دانیشتووی چەند ناوچەیەکی وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ پشتیوانی لە شۆڕسی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کوردستانیانی دانیشتووی شارەكانی هامبۆرگ، بریمێن و دۆسیلدۆرفـی ئەڵمانیا، بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕشی ژینا و “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، ئیدانە و شەرمەزارکردنی لە سێدارەدانی ئازادیخوازانی کورد و بەلووچ لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

خۆپیشاندانەكان بە سروودی نەتەویی ئەی ‌ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و كوردستان دەستی پێكرد.

لە شاری هامبۆرگ، پەیامێک لەلایەن خاتوو “كوردستان سەركەبوود” بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە، پاش خوێندنەوەی پەیام و وتنەوەی چەند دروشمێک دژی ڕژێمی ئێران، بەرەو كۆنسوڵخانەی ڕژێمی ئێران لەو شارە بەڕێ كەوتن، لەوێش بە وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی، ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر دڕندەیی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەربڕی.

هەروەها لە شاری دۆسلدۆرف خۆپیشاندنێکی هاوشێوە بەڕێوەچوو و، لەو خۆپیشاندانەدا، پەیامێک لەلایەن “كاوە نووری” خوێندرایەوە.

هەروەها لە شاری بریمێن خۆپیشاندانێکی دیکە بەڕێوەچوو و، تێیدا “شەهریار نەقشبەندی” پەیامێکی بە زمانی فارسی خوێندەوە و، بەشداربووان بە وتنەوەی دروشمی كوردی، فارسی و ئەڵمانی كۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.

ڕەنگە بە دڵت بن