تەلەفزیۆنی سوید کێشەیەکی جیاوازی خێزانێکی پەنابەری بڵاوکردەوە، کە تێیدا پیاوەکە بووەتە قوربانی و، دایکەکە منداڵەکەی لێ رفاندووە و چەند ساڵێکە بەدوایدا دەگەڕێت.
پەنابەرەکە عێراقیە و ناوی ڕەسوڵە، بە تەلەفزیۆنی سویدی راگەیاندووە، کچەکەی کە لەلایەن دایکە مەغریبییەکەیەوە ڕفێندراوە بۆ مەغریب، هاوکات حەوت ساڵ لەمەوبەریش ڕێگەی پێنەدراوە کچەکەی ببینێت.
بەگوێرەی وتەی ئەو پەنابەرە، کچەکەی لە ساڵی 2016 و لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا، کە تەمەنی 3 ساڵان بووە، رفێندراوە، ئێستا تەمەنی 10 ساڵە و، هیچ شتێک لەبارەیەوە نازانێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە دوای حەوت ساڵ لە گەڕان بەدوای کچەکەیدا، تا ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ ئەنجامێک، بەڵام هیوای بە گەڕانەوەی بەهێزە، دوای 18 گەشت بۆ مەغریب و سەدان هەزار کڕۆن خەرجکرن بۆ پارێزەران و لێکۆڵەرە تایبەتەکان، لە پێناو گەیشتن بە کچەکەی، ناچاربووە گەڕانەکانی بوەستێنێت، چونکە پارەی نەماوە، “گەڕانەوەی منداڵە رفێندراوەکەم لە مەغریبەوە بۆ سوید زۆر ئەستەمە”.
ڕەسوڵ گلەیی ئەوەی هەیە، کە بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەی، دەستەڵاتدارانی سوید خێرا و کاریگەر هەڵسوکەوتیان نەکردووە، جەختیشی کردەوە کە ئەو چەند جارێک لە گەڕاندنەوەی کچەکەی نزیک بووەتەوە، بەڵام دەستەڵاتدارانی سوید هاوکارییان نەکردووە و زۆر خاو بوون.
تەلەفزیۆنی سوید دەڵێت: بۆ چارەسەکردنی کێشەی نێوان ئەو دوو هاوسەرە، پۆلیس و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی دەستوەردانیان کردووە، بەڵام هەریەک لە ژن و پیاوەکە یەکتریان تۆمەتبار کردووە بە خراپ بەکارهێنانی منداڵەکە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، دایکەکە دەڵێت مێردەکەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر منداڵەکە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە.
پیاوە عێراقیەکە پێشتر خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ئاگادار کردبووەوە لە پلانی دایکەکە بۆ ڕاکردن لەگەڵ منداڵەکە.
جێی باسە، تەلەفزیۆنی سوید ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای دەستێوەردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ترسی دایکەکە لە لێسەندنەوەی منداڵەکە، لە تشرینی یەکەمی 2016 لە سویدەوە هەڵاتووە بۆ مەغریب.