شفا بارزانی: « سەرۆک مەسعود بارزانی بە بایەخەوە لە کاری کۆنفدراسیۆن و رەوەندی کوردستانی دەڕوانێت»

سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی، بە ئامادەبوونی هەورامان عەلی تۆفیق جێگری سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری فراوان کە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، ژمارەیەک فدراسیۆن و کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی دیاسپۆرا لە هەرێمی NRW ی وڵاتی ئەلمانییا سازییان کرد بوو، بەشدار بوو.

رۆژی دووشەممە، رێککەوتی 22.05.2023 بەڕێز شفا بارزانی لەشاری زیگبۆرگی وڵاتی ئەلمانییا لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی کۆنفدراسیۆن و فدراسیۆن و ڕێکخراوە کوردییەکان گوتارێکی پێشکەش کرد.

وێرای گەیاندنی سڵاوی ڕێزدار سەرۆک مسعود بارزانی بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، بەڕێز سەرپەریشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوەدا کە جەنابییان بە بایەخەوە دەڕوانێتە کاری کۆنفدراسیۆن و رەوەندی کوردستانی، و چاوی لەوەیە، کە بتوانن نیشتیمانیانە بۆ وڵات و ئاڵا و سەروەری هاونەتەوەکانمان تێبکۆشن، و باسی لەوە کرد کە خەبات دەکەن بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردستانیان لە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆنێکی کوردستانی یەکگرتوو.

بەڕێز شفا بارزانی، کۆکردنەوەی کوردانی تاراوەگەی لە ژێر یەک چەتر و، پێکەوە کارکردن بۆ ئامانجە نەتەوەییەکان و خۆڕێکخستنەوە لە چواردەووری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە، بە گرینگ پێناسە کرد.
سەبارەت بە زمانی کوردی بەڕێزیان لە بەشێکی تری گوتارەکەی گوتی: پێویستە کار بکەین بۆ برەودان بە زمانی لە دیاسپۆرا و هەوڵ دەدەین گەنجان و لاوان و قوتابیانی کورد کە هیوای ئایندەمانن پەیوەندییان لەگەڵ نیشتیماندا نەپچڕێت. هەروەها رۆڵی ئافرەتانیشی لە کاری کۆنفدراسیۆن بە گرنگ پێناسە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ بەشدار بوونیان لە کاروانی کاری دیاسپۆرا ڕاگەیاند.

هاوکات سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی، جەختیشی لەوەکردەوە، کە یەکگرتوویی کورد لە تاراوگە، دەبێ دوور لە جیاوازی ئایین و ئایدیۆلۆژیایی بێت، وە بە گرنگییەوە باسی لە پێگەی کوردانی ئێزدی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کورد و کوردستاندا کرد و گوتی:”ئێزدییەکان کوردی رەسەنن، سرووتە ئایینییەکانیان بە زمانی شیرینی کوردین، ئەوان بناغە و کڕۆکی کوردن، بەشێکی دانەبڕاون لە کلتور و پیرۆزییەکانی نیشتیمان”، و جەختی لەوەکردەوە، کە هەر کەسێ بیەوێت، ئێزدییەکان لە کورد بوون دابماڵێ، ئەوا جیا لە ماندوو بوون، هیچ شتێکی بۆ نامێنێتەوە، و داوای لێیان کرد کە بەشداربن لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت لە بنیاتنانی چەترێکی کوردستانی یەکگرتوو لە دیاسپۆرا.

ڕەنگە بە دڵت بن