وڵاتێکی ئەوروپی و عێراق لەسەر کۆچ و پەنابەری رێککەوتنێک واژۆ دەکەن

حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا پلانی هەیە لەگەڵ عێراقدا ڕێککەوتنێک واژۆ بکات، ئەوەش بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی، کە داوای مانەوەیان ڕەتکراوەتەوە.

لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا، ڕێککەوتنێکی کارکردنی دوو قۆڵی لە نێوان نوێنەرانی هەردوو حکومەتی ئەڵمانیا و عێراق لە بەرلین واژۆ کرا، بە ڕەچاوکردنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە ئەڵمانیا، ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە زۆر گرنگن، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لەوێوە دێن بۆ ئەڵمانیا.

ڕێککەوتنەکە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، لەوانەیە پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەبێت کە زۆرێک لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو لە بواری کۆچدا وەستاون و جێبەجێ نەکراون، تەنانەت دوای ئەوەی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هاوبەشی NDR و WDR، هەردوولا ئامانجیان هەماهەنگییەکی گشتگیرە، نەک تەنیا لەسەر پرسی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ عێراق، بەڵکو بۆ ئاسانکردنی هاتنی عێراقییەکانیش بۆ ئەوروپایە، خاڵەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە بریتین کە، ڕاهێنانی پیشەیی و ڕاهێنان و قوتابخانەکانی زمان لە عێراق، نەک تەنیا بە ئامانجی هێنانی کارێکی شارەزا لە عێراقەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ پشتیوانیکردنی پەرەپێدانی عێراقیش دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، چەندین وەزارەت پێکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی پلانەکە کار بکات، وەک لە ڕابردوودا دیپۆرتکردنەوەکانی پەنابەرانی عێراقی بۆ وڵاتەکەیان زیاتر لە جارێک شکستیان هێناوە، بۆیە هەردوو وڵات دەیانەوێت، ئەمجارە باشتر پێکەوە کار بکەن.

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی، نزیکەی 35 هەزار عێراقی کە لە کۆتایی ساڵی 2022ەوە لە ئەڵمانیا دەژین، پێویستە دیپۆرت بکرێنەوە.

لە هەمان ساڵدا – 2022 – تەنیا 471 عێراقی لە ئەڵمانیاوە دەرکراون، زۆربەیان بۆ وڵاتانی سێیەم رۆیشتوون، هاوکات 77 کەسیان ڕاستەوخۆ گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، لە هەمان ساڵدا 907 هاوڵاتی عێراقی، خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن