ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا لەسەر پەیماننامەی لۆزان کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن

بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، دەڵێ، بە بۆنەی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، ناوەندەکەیان بە هەماهەنگی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هاوکات لەگەڵ شارەوانی لۆزان، هەڵدەستن بە ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر ئەو پەیماننامەیە.

ئەندازیار سەیران کاکەوڵا، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، ئەوان وەک ناوەندەکە، پڕۆژەی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکیان لەسەر سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان پێشکەش بە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کردووە، بە خۆشحاڵییەوە پەسەند کراوە و ئەوانیش بەو کارە هەستاون.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆنفرانسەکە لە 27 و 28ی ئەم مانگە و، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەریەکە لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و،  شارەوانی لۆزان، بە ناونیشانی (سەدەیەک دوای پەیمانی لۆزان بۆچوون و دیدگاکان) بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، باسی لەوەشکرد، کە لە کۆتایی کۆنفرانسەدا پرسیاری گەلی کوردستان لە ئامادەبووان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، بە تایبەت لەو وڵاتانەی بەشدار بوون لەو پەیماننامەیەدا دەکرێت، کە بەناوی (کۆنفرانسی ئاشتی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کراوە، ئایا بەڕاستی ئاشتی بۆ گەلانی ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە، یا پێچەوانەکەی؟ بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان هەستاون بە بانگهێشتکردنی، سیاسەتوانان و توێژەران و پسپۆڕانی كوردستانی و بیانی، ئەوەش لە پێناو ئاڵوگۆڕی دید و ڕەهەندە جیاوازەكانیان، تا لێكدانەوە بۆ كاریگەرییەكانی ڕێككەوتننامەكە لەسەر پرسی گەلی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكرێت.

وەک ئەندازیار سەیران روونی کردەوە، ئەو رێککەوتننامەیە، چەندین سنووری نێودەوڵەتی و ڕێككاری هەرێمایەتی پەیوەست بە خاكی سەپاندووە، كە تێیدا ڕەچاوی ویست و ئیرادە و مافە بنەڕەتییەكانی گەلانی ناوچەكەی تێدا نەكراوە و، سەرەكیترنیشیان گەلی كوردستانە، بۆیە لە بەستنی ئەو کۆنفرانسەیاندا، میكانیزمەكانی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ لێکەوتەکانی دەخرێنەڕوو.

ناوبراو، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد، کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکە، پاڵپشتی رێکخەرانی کۆنفەرانسەکەیان کردووە.

جێی باسە، ڕێككەوتننامەی لۆزان لە 24ی تەمموزی 1923، لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانە براوەكانی جەنگی یەكەمی یەكەمی جیهانی و توركیادا واژۆ كرا، بە شێوەیەكی گشتگیر كاریگەری لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەكە بەجێهشتووە، هەربۆیە كاریگەرییەكانی بەردەوامن و سەرنج و هەڵسەنگاندن و گفتوگۆكردنیش لەبارەیەوە بەردەوامن.

خێڵان بەختیار

ڕەنگە بە دڵت بن