ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، بە هەماهەنگی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، لەگەڵ شارەوانی لۆزان، کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر رێککەوتننامەی لۆزان، لە ژێر ناونیشانی (سەدەیەک دوای پەیمانی لۆزان بۆچوون و دیدگاکان) بەڕێوەدەبەن.
ئەمڕۆ کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی، رێککەوتی 27ی5ی2023، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، بە هەماهەنگی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، لەگەڵ شارەوانی لۆزان، کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر رێککەوتننامەی لۆزان، بەڕێوەدەبەن، سەرەتا وتاری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەخوێندرێتەوە، دواتریش وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لەلایەن شیفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانییەوە دەخوێندرێتەوە، پاشان وتاری شارەوانی لۆزان پێشکەش دەکرێت.
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و چەند پانێڵێک ئامادە کراون، کە تێیدا چەندین کەسایەتی سیاسیی و بیرمەندی کورد و بیانی بانگهێشتکراون و، بیر و بۆچوونی خۆیان لەسەر لێکەوتەکانی ئەو رێککەوتننامەیە و، لە چوارچێوەی پانێڵەکاندا دەخەنەڕوو.
جێی باسە، ڕێككەوتننامەی لۆزان لە 24ی تەمموزی 1923، لە نێوان وڵاتە هاوپەیمانە براوەكانی جەنگی یەكەمی یەكەمی جیهانی و، توركیادا واژۆ كرا، بە شێوەیەكی گشتگیر كاریگەری لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەكە بەجێهشتووە، هەربۆیە سەرنج و هەڵسەنگاندن و گفتوگۆكردنیش لەبارەیەوە بەردەوامن.