ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو سنووری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا دەڕۆن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
زیادبوونی پەنابەران ئەڵمانیای دراوسێی پۆڵەندای توڕە کردووە و، وای لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی کردووە، کە داوای کۆنترۆڵی زیاتری سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، هەندێ لە هەرێمەکانی ئەڵمانیا بەتایبەتی براندنبێرگ و ساکسۆنیا، داوای دووبارە سەپاندنەوەی کۆنترۆڵیان کردووە بە درێژایی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ پۆڵەندا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەوە دێت، کە هەوڵدەدەن لە بیلاڕوسەوە بێنە ناو وڵاتەکەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچبەرەکان بەزۆری لە بەنگلادیش، هیندستان، ئەریتریا و ئەسیوپیاوە هاتوون.
وتەبێژی پاسەوانانی سنووری پۆڵەندا پشتڕاستی کردەوە کە کۆچبەران لە ڕێگەی پۆڵەنداوە هاتوونەتە نێو یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها لە ڕێگەی وڵاتانی بەڵتیکەوە (لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا) ، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕوسیا و بیلاڕوس بەردەوامن لە پێدانی ڤیزە.
جێی باسە، کۆچبەران لەلایەن پاسەوانانی پۆڵەندی و بیلاڕوس، ڕووبەڕووی توندوتیژی و دڕندایەتی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە.