گەنجێکی کورد، بە مەبەستی ئیدانەکردنی پەیماننامەی لۆزان، کە تێیدا گەلی کوردستان لە مافە سەرەتایی و باڵاکانی بێ بەشکرا، بە پێ بەرەو لۆزانی وڵاتی سویسرا بەڕێکەوتووە و، بە نیازە لەوێ وەک ناڕەزاییەک بەرانبەر بە لێکەوتەکانی رێککەوتننامەکە، مان لە خواردن بگرێت.
ئیسماعیل جەعفەری ناسراو بە بژیر کوردستانی، گەنجێکی کوردی خەڵکی گوندی گەلێنی هەورامانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و، دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، لەوێوە بە پێ بەرەو شاری لۆزانی سویسرا بەڕێکەوتووە و، بۆ ماڵپەڕی REWEND دەڵێ، لە دوای پەیماننامەی لۆزان، کە 100 ساڵ پێش ئێستا لە سویسرا بەسترا، هەرچی نەهامەتی هەیە بەسەر گەلی کورددا هێندران، منیش وەک کوردێک ناتوانم چیتر بێدەنگ بم، پێویستە هەموو کوردێک بێنە سەر شەقام و هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو رێککەوتننامەیە دەربڕن.
جێی باسە، ئەو ڕێپێوانەی لە شاری bickenbachی ئەڵمانیا دەست پێکردووە و، تا شاری لۆزان بەردەوام دەبێت و، لەوێش دەس بە مانگرتن دەکات، بەوەش پەیامێک دەگەیەنێت، کە ژیان بێ کوردستان مانای بۆ کورد نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە ناوی ژیان نییە .