ڕوسیا: بۆردومانی بنکەیەکی سەربازی ئۆکرانیای کرد و بەهۆیەوە 200 کەس کوژران

ڕوسیا ئەمڕۆ پێنج شەممە، رایگەیاند، زیاتر لە 200 سەربازی ئۆکرانیای کوشتووە، ئەوەش بەهۆی بۆردومانی دوێنێ چوارشەممەی وێستگەیەکی شەمەندەفەری ناوەڕاستی ئۆکرانیا، لەکاتێکدا کیێڤ دەڵێ، بەلایەنی کەمەوە 25 کەسی کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە موشەکی ئیسکەندەر ڕاستەوخۆ لە وێستگەی چاپلینی ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسک، لە شەمەندەفەرێکی سەربازی داوە و، زیاتر لە 200 سەربازی یەدەگی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیای کوشتوە.

گوتراوە کە شەمەندەفەرەکە لەڕێگای خۆی بووە بۆ شەڕکردن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە شەڕ لە نێوان هێزەکانی کیێڤ و مۆسکۆدا ڕوودەدات.

مۆسکۆ گوتیشی، هەشت فڕۆکەی جەنگی ئۆکرانی لەناوبردووە لە هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکانی ناوچەی پۆڵتاڤا و دنیپرۆپترۆڤیسکی ئەو وڵاتە.

ڕوسیا هێرشی موشەکی دەستپێکرد کاتێک ئۆکرانیا ڕۆژی سەربەخۆیی خۆی پیرۆزکرد.

ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە، کە لە نێو 25 کوژراوەکەدا کوڕێکی یازدە ساڵ هەبووە، کە لە ژێر خاشاکی ماڵێکدا دۆزراوەتەوە و، کوڕێکی تەمەن 6 ساڵیش کە بە تەقەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەرەکە گیانی لەدەستداوە.

ڕەنگە بە دڵت بن