لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، وێڕای بوونی مەترسی کەشوهەوای زەریای ئەتڵەسی، دەیان کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکانی ئیسپانیا.
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی دەستەڵاتدارانی ئیسپانیا، لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە 330 کۆچبەر لە زەریای ئەتڵەسییەوە گەیشتوونەتە دوورگەکانی کاناری وڵاتەکە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بە وتەی ڕێکخراوی خاچی سووری ئیسپانیا، یەکێ لە ڕزگاربووەکان گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، زۆربەشیان خەڵکی مەغریبن.
دوای ڕزگارکردن، کۆچبەران بە شێوەیەکی گشتی ماوەیەکی کورت لە یەکەم ناوەندەکانی وەرگرتنی دوورگەکان بەسەر دەبەن، چەند ڕۆژێک دواتر، بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتی ئیسپانیا.
ڕۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی ئەوروپا سەرکۆنەی کەموکوڕییەکانی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا کرد، کە دەگەنە دوورگەکانی کاناری و ناوچەکانی سیوتا و مێلیلا، بە تایبەتی سەبارەت بە دەستگەیشتن بە یارمەتی یاسایی بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.