بە هۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە، دەیان کۆچبەر لە نیمچە دوورگەی پیلۆپۆنیسی باشووری ڕۆژئاوای یۆنان گیانیان لە دەستدا، ئەمەش کوشندەترین ڕووداو بووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
لە بەیانی دوێنێ چوارشەممەوە، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و ڕزگارکردنی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان دەستیپێکردووە، کە تێیدا 78 تەرمیان دۆزیوەتەوە و، زۆربەیان پیاون، هاوکات 104 کۆچبەریشیان ڕزگارکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان، کاتێک بەلەمەکە نوقم بووە، هیچ کۆچبەرێک چاکەتی ڕزگاری لەبەردا نەبووە.
جێی باسە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، فڕۆکەیەکی سەر بە ئاژانسی سنووری ئەوروپا، (فرۆنتێکس) بەلەمەکەی بینیوە، بەڵام کۆچبەرەکانی ناو کەشتییەکە “داوای یارمەتییان نەکردووە، چەند کاتژمێرێک دواتر بەلەمەکەیان نوقم بووە.