سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پلانی هەیە هەفتەی داهاتوو سەردانی مەغریب بکات، بۆ ئەوەی داوا لە حکومەتی ڕەبات بکات ڕازی بێت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرە مەغریبییەکان.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی هۆڵەندی ڕایگەیاند، مارک روتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا سەردانی مەغریب دەکات، ئەوەش بۆ ئەوەی داوا لە هاوتا مەغریبییەکەی بکات، تا پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نەخوازراو خێراتر بکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆڵەندا نەیتوانیوە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە کە لە مەغریبەوە هاتوون، چونکە ڕەبات بۆ چەندین ساڵە نایەوێت بیانباتەوە، ئاماژەشی بەوەدا کە مەغریبییەکان ناتوانن مافی پەنابەرێتی وەربگرن، چونکە وڵاتەکەیان بە سەلامەت پۆلێن کراوە، بەڵام زۆربەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە هۆڵەندا دەمێننەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هۆڵەندا بەم دواییانە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ مەغریب بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە واژۆ کردووە، بەڵام پرۆسەکە هێشتا زۆر سنووردارە.