ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی- نەرویج چەند پێشنیارێکیان لەسەر کورد و هەرێمی کوردستان دایە وەزیری دەرەوەی نەرویج
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، ئامادەی سیمینارێکی تایبەت بە کورد بوون، کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی نەرویج و، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەبرا، تێیدا بەرپرسی ناوەندەکە چەند پێشنیارێکی سەبارەت بە کورد و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ڕۆژی دووشەمە، ڕێککەوتی ١٩ی٦ی٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی دکتۆر نورەدین خۆشناو بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و کوردیناتۆری کۆنفدراسیۆن و شاندی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە، مەسعوود ناسری، ئازاد ئەحمەد، رۆدی ئیلگێن، خاتوو هێلین و سیامەند خەلەف، بەشدارییان لە سیمینارێکی تایبەتیان لە ژێر ناوی “بارودۆخی کوردستان” کرد، کە تێیدا خاتوو هانیکێن هۆیتفێڵد وەزیری دەرەوەی نەرویج و، مانی حوسەینی ئەندام پەرلەمانی کورد لەسەر لیستی حیزبی کرێکار و، هودا عیماد بەربژێری کوردی حیزبی کرێکار بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ بەشداری بوون.
لە سیمینارەکەدا جیا لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، کۆمەڵێک کەسایەتی و چالاکوانی سەربەخۆش بەشداری سیمینارەکە بوون.
سەرەتا وەزیری دەرەوەی نەرویج، لەو سیمینارەدا باسێکی لەسەر بارودۆخی سیاسیی هەر چوارپارچەی کوردستان پێشکەش کرد و، تیشکی خستەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی، کە ئێستا لە بەشەکانی کوردستاندا لە ئارادان.
پاشان نوێنەری هەریەک لە هێز و لایەن و ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پرسیار، پێشنیار، تێبینی و سەرنجی خۆیان لەسەر باس و بابەتە جۆراوجۆرەکان خستەڕوو، دواتریش لەلایەن وەزیری دەرەوەی نەرویج، وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان درایەوە.
دکتۆر نورەدین خۆشناو بەرپرسی ناوەندی ڕەوندی کوردستانی-نەرویج، چەندین داواکاری و پێشنیاری ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی ئەو ولآتە کرد، کە بریتی بوون لە:
• نەرویج دەورێکی چالاکتر لە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ببینێت.
• ئەو بڕیارانەی کە حکومەتی بەغدا دژ بە هەرێم داویەتی ئیدانە بکرێن و، لە هەمانکاتدا زەختیان لێبکرێت رێز لە دەستووری عێراقی فیدرال بگێردرێت.
• وەک چۆن نەرویج دەورێکی گرینگی هەبووە لە پەیمانەکانی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، هەروەها سودان، سریلانکا و ئەندونیزیا، ئێمەش داواکارین نەرویج هەمان دەور ببینێت بۆ دابینکردنی ئاشتی بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان.
• پشتگیریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش.
• داوا دەکەین نەرویج کونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
دواتر چەندین پێشنیاریش لەلاێەن ئازاد ئەحمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، ئاڕاستەی وەزیری دەرەوە کرا، کە بریتی بوون لە:
• هاوکاری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، بە تایبەتی لەم کاتەتدا کە پەیوەندی نێوان بەشار ئەسەد و یەکێتی عەرەبدا بەرەو باشبوون دەڕوات، ئەو مەترسییە هەیە کە هێرش بکرێتە سەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
• هاوکاری هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بکرێت.
• سەفارەتی نەرویج لە عێراق و کونسوڵخانەی نەرویج لە هەولێر دابمەزرێنن.
• هاوکاری پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە تورکیا و هەرێمی کوردستان بکرێت.
شایانی باسە، پێویستە بگوترێت وەزیری دەرەوەی نەرویج، زۆر بە ئەرێنیانە باسی نەتەوەی کوردی کرد و، وتی: “پێویست ناکات کەس باسی کورد بۆ من، یا هیچ بەرپرسێکی ئەوروپی بکات، ئەمڕۆ کورد و پرسی کورد بۆ ئێمە و گشت جیهان ناسراوە”.