چەند هەفتەیەک دوای مانەوەیان لە بەرامبەر بنکەی پێشوازی تێرێ ئابێلی هۆڵەندا، دەستەڵاتداران نزیکەی 700 کۆچبەریان لە بەردەم ناوەندەکە دەرکرد و، بەسەر ناوەندەکانی پێشوازیکردنی وڵاتەکەدا دابەشیان کردن.
بەگوێرەی وتەی لیۆن فیلدت، وتەبێژی ئاژانسی پەنابەری هۆڵەندی، پەنابەرەکان بۆ شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە گوازرانەتەوە، ڤێلدت ڕایگەیاند کە سەد کەس لە درەنگانی شەوی ڕابردوو، بە پاس گوازرانەوە بۆ شوێنی پێشوازیکردنی دیکەی وڵاتەکە و، هیوادارن دۆخەکە لە تێری ئابێل ئاسایی بێتەوە.
بارودۆخی دەوروبەری تێری ئابێل تراژیدی بوو و، زیاتر لە 700 کۆچبەر و پەناخواز لە دەوروبەری سەنتەرەکە، چادریان هەڵدابوو و، چەندین خزمەتگوزاری و تەندروستی جۆراوجۆر لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە دابین کرابوو بۆ خزمەتکردنی ژمارەیەکی زۆر بۆ ماوەی نزیکەی سێ هەفتە.
ڕۆژنامەوانانی هۆڵەندی هەفتەی ڕابردوو بەرەو دەوروبەری تێری ئابێل بەڕێکەوتن و، دیمەنەکەیان لەڕێگەی وێنە و ڤیدیۆکانەوە دیکۆمێنت کرد، کە مشتومڕی لەو وڵاتە دروستکرد و، بووە هۆی ئەوەی لەلایەن دەستەڵاتەوە کاری بەپەلە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، وێنەکان دیمەنی توالێتە پیسەکانیان بڵاوکردەوە، کە دیمەنێکی قێزەونی نیشان دەدا، کە پەنابەرانی هەراسان کردبوو.
هەروەها مارک رۆتی، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندیش، دانی بە خراپی بارودۆخی دەوروبەری سەنتەرەکەدا نا و، ئەوەی کە میدیاکان بڵاویان کردبووەوە، بە “دیمەنی شەرمنانە”ی ناو برد و، دانی بە هەڵەی حکومەتەکەیدا نا لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆجبەران.
بارودۆخەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (24ی ئاب) دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە مردنی منداڵێکی ساوا لەناو سەنتەرەکە راگەیەندرا، هێشتا پۆلیس هۆکاری مردن، یا هەر وردەکارییەکی پەیوەست بە ناسنامەی ساواکە، یا دایک و باوکی رانەگەیاندووە.
جێی باسە، سیستەمی پێشوازی کردن لە هۆڵەندا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین تەحەدای بینیوە، لە کەمی پێشوازی و بنکەی پەناگەوە بۆ کەمی ستاف لە ئاژانسی پەنابەری هۆڵەندی، لەو ماوەیەدا 16000 پەنابەر هەبوون، کە داواکاری پەنابەرییان لەو وڵاتەدا پەسەندکرابوو، بەڵام هیچ پەناگەیەک ئامادە نەبوو بۆ وەرگرتنیان.