بە وێنە: پزیشکێکی پەنابەر رووبەڕووی زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە

پزیشکێکی پەنابەر، جارێکی دیکە لە بەردەم دادگایەکی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانییەکانی گرتووخانەی سەربازی حمس دادگایی کرایەوە، ئەگەر تاوانەکانی دژی بسەلمێنرێن، ئەوا رووبەڕووی سزای زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە.

لە دوایین دانیشتنیدا لە دادگای باڵای هەرێمی فرانکفۆرت، عەلا موسا کە پزیشکێکی سورییە، تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵانی 2011 و 2012دا زیندانییەکانی لە گرتووخانەی سەربازی حمس ئەشکەنجەداوە، هاوکات دەستیشی لە کوشتنیان هەبووە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، گەواهی دەرێک، کە خۆی بە ناوی “حەکیم دیاب” ناساندووە و، لە شوێنێکی نادیاری ئەڵمانیا دەژی، گەواهی لەسەر داوە.

گەواهیدەرەکەش پزیشکە و لە بەردەم پۆلیسدا گوتوویەتی، کە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سەربازی 608ی حمس لەگەڵ پزیشکە تۆمەتبارەکە بە ناوی “عەلا” کاری کردووە و، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە هەموو ڕۆژێک بینیویەتی.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی میدیای ئەڵمانی، وتەی گەواهیدەرەکە لە دادگادا زۆر جیاواز بووە لەو وتانەی لە بەردەم پۆلیسدا داویەتی، ئەوەش بۆ ترسی گەواهیدەرەکە گەڕێندراوەتەوە، کە ترسی لەوە هەیە ژیانی کەسوکارەکەی لە سوریا بکەوێتە مەترسییەوە، چونکە گەواهیدەرەکە بە دادگای وتووە، کە هەواڵگری رژێمی سوریا برایەکیان بانگکردووە و، لەبارەی هەموو ئەو پرسیار و وەڵامانەی کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکەی حەکیمدا لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە روویانداوە، ئاگاداریان کردۆتەوە.

حەکیم ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بە هیچ کەسێکی نەگوتووە کەی لە دادگادا گەواهی دەدات، و جەختی لەوەش کردۆتەوە هیچ کەس بەوەی نەزانیوە.

سەبارەت بەوەی چۆن زانیارییەکان گەیشتوونەتە دەزگای هەواڵگری رژێمی سوریا، دادوەر کۆهلەر وتی داواکاری گشتی ئاگادارکراوەتەوە کە لێکۆڵینەوە لە بەشداربووانی دادگاییکردنەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کێ زانیاریەکانی دزەپێکردووە بۆ هەواڵگری سوریا.

پزیشکە سورییە تۆمەتبارەکە، ڕووبەڕووی 18 تۆمەت دەبێتەوە، دوای ئەوەی دادگاییکردنەکەی لە کانوونی دووەمی 2022 دەستیپێکرد، ئەوەش لەژێر بنەمای “دەستەڵاتی دادوەری جیهانی”، چونکە تێوەگلاوە لە توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە نەخۆشخانەی سەربازی و لقی هەواڵگری سەربازی حمس.

جێی ئاماژەیە، پزیشکەکە ساڵی 2015 سوریای جێهێشتووە و، لەو ڕۆژەوە لە ئەڵمانیا ژیاوە و لەوێ پیشەکەی ئەنجامداوە، پاشان لە حوزەیرانی 2020 دەستگیرکرا، لەوکاتەوە لە زینداندایە و لەوانەیە ڕووبەڕووی زیندانی هەتاهەتایی ببێتەوە، ئەگەر هەموو تۆمەتەکانی دژی بسەلمێنرێن.

ڕەنگە بە دڵت بن