وڵاتێکی ئەوروپی هەمان کاری بەریتانیا بەرامبەر پەنابەران دەکات

پارتی ڕاستڕەوی سوید (SD) دەڵێ، لە ئێستادا کار دەکەن بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی، کە ناتوانن بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان، ئەوا بۆ وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپایان بنێرن.

بەگوێرەی میدیاکانی سوید، پارتی ڕاستڕەوی سوید، کە هاوبەشی حکومەتی سویدە، بە دوای شەرعیەتدا دەگەڕێت بۆ ئەم پێشنیارە، ئەوەش بە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی دەچنە سوید.

پێشنیارەکە ئەوەیە، تۆ وەک پەنابەرێک لە وڵاتەکەت هەڵدێیت و بەدوای شوێنێکی پارێزراودا دەگەڕێیت و دەچیتە سوید، ئەوا  ئەو وڵاتە دەتنێرێت بۆ وڵاتێکی دیکەی نا ئەوروپی، وەک وڵاتانی ئەفریقا، بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بیت، وە سوید تێچووی گواستنەوەی پەنابەران هەڵدەگرێت و قەرەبوو دەداتە وڵاتی سێیەم بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە، ئەگەر پەنابەرەکە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ نیشتەجێبوون، ئەوا کەسەکە لەو وڵاتانەدا دەمێنێتەوە و ناچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە.

وتەبێژی ئەو پارتەی دژە کۆچبەران، لیندا لیندبێرگ دەڵێ، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتێکدا، کە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەلامەت بێت، ئەوا بە مانەوەی پەنابەران لەو وڵاتانەدا ئەنجام دەدرێت.

ئەوەشی خستەۆتەڕوو، کە وڵاتەکەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەری وەرگرتووە و، پێویستیان بە پشووە، ئەگەر ئەم خزمەتگوزارییە لە وڵاتێکی سێیەم دابین بکەن، ئەوا دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجی سەرەکی پڕۆسەی پەنابەری.

مانگی ڕابردوو حکومەتی سوید چەند ڕێوشوێنێکی توندی نوێی بۆ ئەو پەنابەرانە ڕاگەیاند کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.

جێی باسە، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەری سوید، پێویستیان بە ڕەزامەندی پەرلەمان هەیە پێش ئەوەی پەسەند بکرێن، بەڵام حیزبەکانی حکومەتی سوید، زۆرینەی پەرلەمانیان هەیە، ئەمەش وا دەکات هەموارکردنەکان بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن.

ڕەنگە بە دڵت بن