وەزارەتی کۆچ و یەکخستنی دانیمارک، پلانی نوێی بۆ توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی گەشتکردنی پەنابەران راگەیاند، لەوانە لێسەندنەوەی مافی پەنابەری ئەو کەسانەی سەردانی وڵاتەکانیان کردوونەتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت.
یاساکانی ئێستای دانیمارک، ڕێگە بە پەنابەران دەدا ماوەیەکی کاتی گەشت بۆ وڵاتەکەیان بکەنەوە، بە مەرجێک بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دانیمارک نیشتەجێ بووبن. بەڵام حکومەت هەوڵدەدا ئەو یاسایە بگۆڕێت و یاسایەک پێشکەش بکات کە ڕێگە دەدا بە لێسەندنەوەی ممافی پەنابەری، ئەگەر سەردانی وڵاتەکانیان بکەن، جا بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دانیمارک ژیابن، یا نا.
وەزیری کۆچ و یەکخستنی دانیمارک کارل دیپاڤاد بێک، یاسای “نیشتەجێبوونی دە ساڵە”ی بە نا لۆژیکی دانا و، بە پێویستی زانی بگۆڕدرێت، جەختی لە پێشکەشکردنی ڕێوشوێنی توندی نوێ کردەوە.
چەندین ساڵە دانیمارک یاسا و ڕێوشوێنەکانی پەنابەران، بە تایبەتی سورییەکان توندتر دەکات و، پەرلەمانی دانیمارکیش لە ساڵی 2019دا، هەموارکردنەوەیەکی پەسەند کرد کە هەموو جۆرەکانی مافی پەنابەران بە شێوەیەی کاتی دەکات.