کوردستانیانی دانیشتووی ڕۆژاوای وڵاتی کەنەدا، بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها بۆ ئیدانەکردنی تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، (٨ی تەمووزی ٢٠٢٣)، لە شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا، کوردستانیان و ئێرانییەکانی دانیشتووی شارەکە، بۆ ئیدانەکردن تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.
خۆپیشاندانەکە بە بڵاوكردنەوەی سروودی شۆڕشگیڕانە، كە لەم ماوەیەدا لەلایەن هونەرمەندانەوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خوێندراون، بەو هۆیەوە لەلایەن دادگاكانی ڕژێمەوە چەندین كەسیان سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە، بەڕێوەچوو.
لەو خۆپیشاندانەدا، گۆرانیبێژێكی ڕاپی كەنەدایی بە ناوی ”نهتان نەرێت”، بە پێشكەشكردنی گۆرانییەکی توماج ساڵحی، ڕاپەری لوڕەکوردەکانی ناوچەی لوڕستان، پشتیوانیی خۆی بۆ شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و، تاوانەکانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی مەحكوم كرد.
هەروەها گرووپێک لە لاوانی دانیشتووی شاری ڤانكۆڤەر، شانۆیەكیان سەبارەت بە لە سێدارەدان و گرتنی خەڵک لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی، پێشكەش كرد.