بەشداری دەنگدەران لە نێوان گەنجانی مالمۆ کەمە، بەتایبەتی گرووپی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ، ئەو شارەش یەکێکە لەو شارەوانیانەی کەمترین ژمارەیان بۆ هەڵبژاردن هەیە و، لە هەندێ ناوچەکانیدا، ڕێژەی بەشداری گەنجان گەیشتۆتە 56 لەسەد، کە لە ڕێژەی دەنگدانی گشتی کەمترە، بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەریش فەلافل دابەش دەکرێت.
بەمەبەستی گەیشتن بە گرووپی گەنجان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا، شاری مالمۆ دەیەوێ لە شێوازە تەقلیدییەکانی ڕاکێشانی دەنگدەران دوور بکەوێتەوە و، لە جیاتی ئەوە، ڕێگای نوێیان هەڵبژاردووە، ئەوەش لەڕێگەی کەمپینی دەنگی تۆ بەکاربێنە لەسەر کاغەزی پێچانەوەی فەلافل.
کۆمیوناتۆری مالمۆ، کارۆلین شوهۆڵم وتی: بێگومان فەلافل وا لە خەڵک ناکەن دەنگ بدەن، ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورەتر بۆ زیادکردنی بەشداری لەو ناوچانەی، کە پێشتر بەشداری تێدا کەم بووە.
شیتەکانی پێچانەوەی فەلافل بە دیزاینی گرافیکی لەگەڵ وشەکانی “دەنگی تۆ بەکاربێنە”، ڕازێنراونەتەوە و، بە هاوکاری چوار لاوی کاریگەر لە مالمۆ بەرهەم دەهێنرێت. ئەوان خلیسکێنەر ئۆسکی رۆزنبێرگ، هونەرمەند جولی، ئەکتەر ئێدی دزەڤیک و، وەرزشوان نیکیتا گلاسنۆڤیچ، ئەو چوار کەسە وەک باڵیۆزێک بۆ کەمپینەکە خزمەتیان کردووە، تا سەرنجی گەنجانی زیاتر بۆ بنکەکانی دەنگدان رابکێشن.