شاندێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنگرەی (IAGS)یان کرد، هاوکات پانێڵێکی تایبەتیش لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد بە هەمانگی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و، دامەزراوەی کەی جی لۆبی سەنتەر پێشکەش دەکرێت.
کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، شانزەهەمین کۆنگرەی (IAGS) بە ئامادەبوونی شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمود لە زانکۆی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەستی بە کارەکانی کرد .
وتاری دەستپێکی کۆنگرە لەلایەن دکتۆر(joan guardia) سەرۆکی زانکۆی بەرشەلۆنە پێشکەش کرا و، دواتر دکتۆر (elisenda Calved) مامۆستای یاسای گشتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی بەرشەلۆنە، بابەتێکی یاسایی گرینگی پێشکەش کرد، پاشان هەریەك لە (Melanie Obrien) سەرۆکی دامەزراوەی ئای ئەی جی ئێس و، (Alfons ara Goneses) وتارەکانیان لەسەر جینۆسایدی گەلان پێشکەش کرد .
هاوکات خاتوو (Alice Wairimu nderitu) ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ڕێگریگرتن لە جینۆساید، وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد و، تێیدا باسی لە ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و پتەوکردنی گیانی لێبوردەیی و خۆپارێزی لەهەر ڕەفتار و کردارێکی توندئامێز کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم چەشنە وتارانە جۆرێکە لە هاندان بۆ جینۆساید، بەپێی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیش، هەرهاندان و پشتگیرییەك بۆ ئەمجۆرە وتار و کردارانە، ڕاستەوخۆ دەچنە خانەی جینۆسایدەوە.
شایانی باسە، کاتژمێر ٣.٣٠ خولەکی هەمان ڕۆژ، دەستکرا بە پێشکەشکردنی پانێڵەکانی کۆنگرەکە و، تیایدا چەندین توێژینەوەی زانستی جیاجیا لەلایەن پسپۆڕانی بواری جینۆساید لە هۆڵەکانی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەرشەلۆنەوە پێشکەش کران .
شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندییەکانیان بەشداری بەرچاویان لە پانێڵەکانی یەکەمین ڕۆژی کۆنگرەکە کرد، وە بڕیارە تا ڕۆژی ١٤ / ٧ / ٢٠٢٣ بەردەوام بێت و، تیایدا پانێڵێکی تایبەتیش لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد بە هەمانگی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و، دامەزراوەی کەی جی لۆبی سەنتەر پێشکەش بکرێت، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ پەسەندکردنی ڕاپۆرت و توێژینەوە ئامادەکراوەکان بۆ بڕیارنامەی کۆتایی دامەزراوەی ئای ئەی جی ئێس.