دەیان کۆچبەر بێسەروشوێن بوون

ڕێکخراوی ناحکومی ئیسپانی دەڵێ، نزیکەی 300 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون، کاتێ هەوڵیانداوە لە زەریای ئەتڵەسییەوە بپەڕنەوە بۆ دوورگەکانی کاناری ئیسپانیا.

ڕێکخراوی Caminando Fronteras لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر 300 کۆچبەر لە سەنیگالەوە بە سێ بەلەم کەناراوەکانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە دوورگەکانی کاناری ئیسپانیا، کە نزیکەی 1700 کیلۆمەتر دوورە، بەڵام هیچ هەواڵێکیان نییە و لە زەریادا ونبوون.

هێلینا مالینۆ بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، دوو بەلەم کە یەکێکیان نزیکەی 65 کەسی تێدابووە و، ئەوی دیکەیان لەنێوان 50 بۆ 60 کەسدایە، 15 ڕۆژ لەمەوبەر سەنیگالیان جێهێشتووە و ئێستا بێسەروشوێنن.

بەلەمی سێیەم لە 27ی حوزەیران سەنیگالی بەجێهێشتووە کە نزیکەی 200 کەسی تێدابووە.

وتیشی کەسوکاری ئەو کەسانەی لە بەلەمەکەدا بوون، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێ نەگەیشتوون، ئەو سێ بەلەمە لە کەناراوەکانی کافۆنتاینی باشووری سەنیگال بەڕێکەوتوون، کە نزیکەی 1700 کیلۆمەتر لە دوورگەی تێرنیفێرەوە دوورە کە یەکێکە لە دوورگەکانی کاناری.

ڕەنگە بە دڵت بن