ئاژانسەکانی ڕوسیا، هەواڵی کۆچی دوایی میخائیل گۆرباچۆڤ، دواهەمین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتیان لە تەمەنی 91 ساڵیدا ڕاگەیاند، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا، کە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بە گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلەتیکی سەدەی بیستەم دەزانێت، سەرەخۆشی و دڵگرانی خۆی بۆ بنەماڵەی کۆچکردوو دەربڕی.
میخائیل گۆرباچۆڤ، دواین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە ڕوسیا و لەتەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ڕاگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی کلینیکی ناوەندی سەرۆکایەتی ڕوسیا، کە لەلایەن ئاژانسەکانی ئینتەرفاکس و تاس و ڕیا نۆڤستی بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە کە ئێوارەی سێشەممە، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشییەکی سەختدا، میخائیل سێرجیڤیچ گۆرباچۆڤ کۆچی دوایی کرد.
گۆرباچۆڤ ساڵی 1985 بە هاتنە سەر دەستەڵات زنجیرەیەک ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری دەستپێکرد، ئەوەش بەمەبەستی نوێکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، کە بەدەست قەیرانی سەختەوە دەیناڵاند، پاشان لایەنگر بوو بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا و، لە ساڵی 1990 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە.
لە نێوان ساڵانی 1990 و 1991 گۆرباچۆڤ وەک سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت خزمەتی کرد، پێش ئەوەی دواجار لە 25ی کانوونی یەکەم دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەو هەنگاوەی کە بووە هۆی ڕووخانی کوتلەکە، گۆرباچۆڤ دوایین سەرکردەی سەردەمی جەنگی سارد بوو کە ڕزگاری بوو.
گۆرباچۆڤ بەشێکی زۆری دوو دەیەی ڕابردووی لە پەراوێزی ژیانی سیاسی ڕووسیادا بەسەربرد و، جاروبار داوای لە هەردوو کۆشکی کرێملین و کۆشکی سپی دەکرد، کە پەیوەندیەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا ڕێک بخات.