پەنابەرێک کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا هاوسەرەکەی خۆی کوشت، لەبەردەم پۆلیسدا هۆکاری کوشتنەکەی ئاشکرا کردووە.
بەگوێرەی میدیاکانی نەمسا، پەنابەرەکە ناوی هۆکارە وخەڵکی سوریایە و تەمەن 35 ساڵە، هێشتا لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەدایە، دوای ئەوەی لە نهۆمی سێیەمەوە خۆی هەڵدابووە خوارەوە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، هۆکاری کوشتنی ژنە تەمەن 28 ساڵانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە پێیگوتووە دەیەوێت جیاببێتەوە و چیتر خۆشی ناوێت.
پەنابەرە تۆمەتبارەکە لەبەردەم لێکۆڵەرەوەکان و پارێزەرەکەی بەردەوام بوو لە یەکەم لێکۆڵینەوەدا و وتی ” دەمەوێت شەرەفی خۆم بگەڕێنمەوە”.
سەرەڕای ئەوەش، پارێزەرەکەی تۆمەتبارەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو پیاوە لە ئێستادا نیوەی خوارەوەی جەستەی ئیفلیج بووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پیاوەکە لە نەخۆشخانە هەوڵی داوە جارێکی دیکە خۆی بکوژێت، ئەوەش بە گرتنی بۆری هەناسەدان.
چارەسەری نەخۆشخانەکەی، ڕۆژانە 9000 یۆرۆی تێدەچێت، ئەوەش بە گوێرەی وتەی پارێزەرەکەی.
جێی ئاماژەیە، ژنەکە توانیویەتی ڤیزەیەک بۆ مێردە بکوژەکەی لە ڕێگەی یەکگرتنەوەی خێزانییەوە بە دەستبهێنێت، بەڵام دوای دوو مانگ لە گەیشتن بە ڤیەننا، بکوژ 30 چەقۆی لێداوە، کە بووە هۆی مردنی دەستبەجێ، دواتریش پەنابەرەکە لە نهۆمی سێیەمەوە بە مەبەستی خۆکوشتنی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.