چالاکوانێکی مەدەنی و ژینگەپارێز و ئەندامی کەمپینی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان لە سنە، بە ناوی فەردین ڕەحیمی، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکرانی، ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە کراوە.
مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ حەوت کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی خێرخوازانی ژیانەوەی کوردستان، بە ناوەکانی عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین ڕەحیمی، عەتا ڕەزاڕوبابی، قانع خاتری، مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی و، مەهدی سەیفی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی، بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و، پێکهێنانی گرووپی نایاسایی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی ئەو سزایە، عەتا ڕەزاڕوبابی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرردراو و، ٦ کەسی دیکەیان هەر کامەیان سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە دواتر بۆ فەردین ڕەحیمی، لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا و، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، لەڕێگەی ئاگادارکردنەوەیەکەوە ئاگادار کرایەوە، کە سزای پێنج مانگ بەندکرانی دیکە بە سزاکەی زیاد کراوە.
ئەم حەوت چالاکە مەدەنییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون