ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سیمینارێکی بۆ وەزیری دەرەوەی نەرویج ساز کرد


 
 
ناوەندی ڕەوندی کوردستانی–نەرویج، بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سیمینارێکی بۆ کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی نەرویج بەڕێوەبرد، کە تێیدا (ئانیکن هویتفێلد) رایگەیاند، ئەوان هەمیشە پشتیوانیان لە مافەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کردووە، هاوکات راشیگەیاند، “هەڵوێست و هزری سەرۆک بارزانی بۆ وتووێژ و دانوستانەکان، داکۆکی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و شێوازی مامەڵەی ئاشتیخوازیی بارزانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ وڵاتی نەرویج، جێی دەستخۆشی و شانازییە”.
 
ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣)، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی–نەرویج، سیمینارێکی بۆ کوردستانییانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و، بە بەشداریی (ئانیکن هویتفێلد) وەزیری دەرەوەی وڵاتی نەرویج، سیری مارتێنسن شارەوانی  فردیکستاد و، ترێسە توربیورنسێن بەربژێری حیزبی کرێکاریی نەرویج بۆ شارەوانی سارپسبۆرگ، هاوکات نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کەسایەتییە کوردستانییەکانی نیشتەجێی وڵاتی نەرویج تێیدا بەشداربوون، بەڕێوەبرد.
سەرەتای سیمینارەکە، ئانیکن هویتفێلد وەزیری دەرەوەی  نەرویج، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی کورد لە کوردستانی گەورە پێشکەش کرد، دواتر لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتی نەرویج بۆ پاییزی ئەمساڵ و پێویستیی بەشداریی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە ڕەوتی دیموکراسیی وڵاتەکەدا ئاخاوت.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەی و لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەتی نەرویج بە گشتی، بە تایبەتی خۆی وەک وەزیری دەرەوە، هەمیشە لە چاوپێکەوتن و دانیشتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامیی ئیران، جەختی لەسەر مافی ڕەوای نەتەوەی کورد و گەلانی ئێران کردووەتەوە و ڕایگەیاند؛ وڵاتی نەرویج بەردەوام پێداگریی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ڕاگرتنی سزای سێدارەی چالاکوانان و بەندکراوانی سیاسیی کورد و بەلووچ کردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی نەرویج لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لەسەر ڕۆژاوای کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد؛ سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتی نەرویج و خودی خۆی وەک وەزیری دەرەوە، هاوکات ئەوروپا بە گشتی، لە هەندێک بواردا لەوانەیە هاوڕای سیاسەتەکانی ئەمەریکا نەبن بۆ داگیرکاریی وڵاتی سوریا، بەڵام لەبەر کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان، هەم حکومەتی نەرویج و هەم وەزارەتی دەرەوە و ئەوروپاش بە گشتی، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەمەریکا نابێت سوریا بەجێ بهێڵێت، چون لە ئەگەری جێهێشتنی، دیسان ئەو ناوچانە داگیر دەکرێنەوە و کۆمەڵکوژی لە دژی کوردەکان دێتە ئاراوە، بۆیە وڵاتی نەرویج بەردەوام پاڵپشتی کوردەکانە.
ئانیکن هویتفێلد، لە درێژەی وتارەکەیدا لەسەر باکووی کوردستان وتی: “ئێمە وەک وڵاتی نەرویج و بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوە، بەردەوام پێداگریمان لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا کردووە و، هەمیشە لەسەر پێشێلکاریی دۆخ و مافەکانی کورد لەلایەن تورکیاوە ناڕەزایەتی خۆمانمان دەربڕیوە، لە ئەگەری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان و تورکیا، پێداگریمان لەسەر مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە”.
لە کۆتاییدا. لەسەر باشووری کوردستانیش وتی: “وڵاتەکەم و بە تایبەت وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، بەردەوام پاڵپشتیمان لە کوردەکانی باشووری کوردستان لە ڕەوتی وتووێژەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق کردووەتەوە، هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆڵی بەڕێز بارزانی بەرز دەنرخێنین”. هەروەها وتیشی: “هەڵوێست و هزری بارزانی و ڕەوشی بارزانی بۆ وتووێژ و دانوستانەکان، داکۆکی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و شێوازی مامەڵەی ئاشتیخوازیی بارزانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ وڵاتی نەرویج، جێی دەستخۆشی و شانازییە”.
لە بڕگەی کۆتایی سیمینارەکەدا، بەشداربووان بۆچوون، تێبینی و پرسیارەکانی خۆیانیان خستە بەرباس و وەزیری دەرەوەی وڵاتی نەرویجیش وەڵامی پرسیارەکانی بەشداربووانی دایەوە، هەرەوها سوپاسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی–نەرویج کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمینارە و دیداری کوردەکانی دانیشتووی نەرویج لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
جێی خۆیەتی، وەک ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی–نەرویج، ڕێز و سوپاسی خۆمان بۆ بەڕێز کاک ئازاد ئەحمەد، خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کە ئەندامی چالاکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و ئەندامی حیزبی کرێکاریی نەرویجە، دەرببڕین، کە ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێکخستنی ئەم سیمینارەدا هەبوو، بۆیە سوپاسی تایبەتی دەکەین.

بەشی ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی – نوروێژ
مەسعوود ناسری

ڕەنگە بە دڵت بن