ڕەوەندی کوردستانی لە شارەکانی جنێف و لۆزانی وڵاتی سویسرا، خۆپیشاندانیان دژ بە 100ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەبرد، هاوکات گرووپێکی لاوان بە نمایشێک نەهامەتییەکانی گەلی کوردستانیان نیشاندا، کە رەنگدانەوەی ئەو پەیماننامەیە بووە.
ڕۆژی 2023.07.22 لە شارەکانی لۆزان و جنێف، ڕەوەندی کوردستانی خۆپیشاندان دژی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان ڕێکخست، کە تێیدا سەدان کوردستانی دانیشتووی سویسرا و وڵاتی دیکەی ئەوروپا بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا خۆپیشاندانەكانی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری جنێف، لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بوو كە ئاڵای کوردستانیان دەشەکاندەوە و سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیبیان دەگوتەوە، هاوکات گرووپی لاوان بە نمایشێک نەهامەتییەکانی گەلی کوردستانیان نیشاندا، وە ئاماژەیەکیش بوو بە ڕەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان، هەروەها بە گوتنەوەی دروشمی جیاواز، ناڕەزاییەتیان بەرانبەر سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان نیشاندا.
جێی باسە، وڵاتانی هاوپەیمانی سەرکەوتووی شەڕی یەکەمی جیهان، رێککەوتی 1923.07.24 لە شاری لۆزان، لەسەر دسڕشتنەوەی ناوچەكە ڕێكەوتن و بەم چەشنە کوردستانیان بە دوور لە خواستی گەلەکەی لە مافی سەربەخۆیی بێبەش كرد، پەیماننامەی لۆزان لە سەد ساڵی ڕابردوودا چەندین کارەسات و کۆمەڵکوژی و دەربەدەرکردنی خەڵکی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، لەوساتەوە کوردستانیان بۆ داواکردنی مافەکانیان لە بەرخوداندان بەردەوامە.
سۆران حەسەن