تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان و میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند، تەرمی چەند کەسێکیان دۆزیوەتەوە، کە گومان دەکرێت کۆچبەر بن، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یۆنان و نزیک ناوچەی ئیڤرۆسی نزیک سنووری تورکیا کەوتبووەوە.
وتەبێژی بەشی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان یانیس ئەرتۆبیۆس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: “تەرمەکان لە پارکی نەتەوەیی دادیای باکووری شاری ئەلێکساندروپۆلی دۆزراونەتەوە، کە سنووری تورکیایە، قوربانییەکان لەوانەیە ئەو کەسانە بن کە بە نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەمان، چونکە هیچ هاوڵاتییەکی ونبوومان نییە.”
ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیاکانی یۆنان ڕایانگەیاند تەرمی هەشت قوربانی نوێ لە هەمان ناوچە دۆزراونەتەوە، کە لەوانەیە ژمارەیان بۆ 26 کەس بەرزببێتەوە.
جێی ئاماژەیە، ئاگرەکە بەردەوامە لە فراوانبوون لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یۆنان و دوورگەکانی ئیڤیا و کیتانۆس و هەرێمی پۆیسیا “باکووری پایتەخت”، کە بەهۆی بایەکی بەهێز و پلەی گەرماوە گەیشتە 41 پلە.